"کوردستانیان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ڕیفراندۆمن"
__2017_04_12_h16m56s5__HK.jpg)
سۆران-KDP.info- هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەپەرۆشن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و، پێیان وایە پێویستە سەركردایەتیی كورد هەرچی زووە ڕۆژی ڕیفراندۆم دیاری بكات، تا خەونە لەمێژینەکەی گەلی كورد بێتەدی و دەڵێن، لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) كوردستانێكی سەربەخۆ دەبینن.
میدیاكار، (سەركەوت ئاڤدەل) لە شاری سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''كە ئەمەریكا بڕیاری سەربەخۆبوونی خۆی دا، هێشتا جەنگی لۆكاڵی لەناو دڵی ئەو وڵاتەدا هەبوو، بۆچی عەرەب و فارس و تورك خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن، بۆچی ئێمە وەك گەلی كورد نەبین بە دەوڵەت، كە مافێكی سروشتیی ئێمەیە، هەڵبەت ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن (سەرۆك بارزانی)یەوە، خۆی خاڵێكی بەهێزی دیكەیە لە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە فیڕۆنەدانی خوێنی شەهیدان و بەدیهێنانی خەونی هەركوردێكە، بۆیە من، وەك میدیاكارێك بە گەشبینییەوە دەڕوانمە پڕۆسەكە.''
(ڕازی خدر)، فەرمانبەر لە ئاكرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''گەشبینم كە لەسەر دەستی كارێزمای سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسی سەربەخۆییی كوردستان یەكلا دەبێتەوە, كە ئەمە خەونی هەمیشەییی شەهیدانمانە، ئەگەر خوێنی زیاتریش بدەین، بۆ ئەم پرسە ئامادەین، ئێمە گەلێكین، دوای دەیان ساڵ قوربانیدان و خوێنڕشتن و ئەنفال و كیمیاباران، مافی خۆمانە، کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبێت, بۆیە دڵنیام لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) كوردستانێكی سەربەخۆ دەبینین.''
(سوبحان مەناف)، هاووڵاتی لە دەڤەری بارزان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ڕاستە كۆمەڵێك كێشە لە هەرێمی كوردستاندا هەن و هەرێم بە قەیرانی داراییدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە هیوادارین هەموو لایەنەكان پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەی كورد لەو قۆناغەی ئێستادا بە سەلامەتی تێپەڕ بێت و بە ئامانجەكانی خۆی بگات. بەڵام بەداخەوە، وەك دەبینین هەندێك لایەن لەناو هەرێمی كوردستاندا بەهەڵە لە ڕیفراندۆم تێدەگەن، كەچی ئەوە مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، كە بە ئامانجەكانی خۆی بگات و ببێتە دەوڵەت.''
(نزار حەجی) هاووڵاتییەكی دیكەی سنووری بارزانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئەگەر لەم قۆناغەدا كەسێك خەمخۆری گەلی كورد بێت و بیەوێت ئەو نەتەوەیە بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناك ببات، (سەرۆك بارزانی)یە، بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم هاوكار بن و بەردەوام گۆێڕایەڵی فەرمانەكانی بن، بۆ ئەوەی كورد سوودمەندی یەكەم بێت لەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن، چونكە ئەمڕۆ گەلی كورد پێویستی بە (سەرۆك بارزانی) هەیە.''
(خۆرشید حەمید)، چالاكی بواری سیاسی لە شێلادزێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مافێكی یاسایی و دەستووریی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئێستا كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. بەپەرۆشین بۆ ئەو ڕۆژە مێژوویییە، گەلی كورد بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە دەیەوێت بەو ڕۆژە بگات، لەگەڵ ئەوەیش ئامادەین هەرقوربانییەك بدەین، لەپێناوی سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە داوادەکەین ڕۆژێكی مێژوویی بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكرێ، بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە بكەینە جەژن.''
ڕابین شێروانی




