نێچیرڤان بارزانی ڕه‌وشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی به‌ریتانی تاوتوو کرد

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا و شاندی یاوەری، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گفتوگۆیه‌كی چڕ له‌سه‌ر بابه‌تی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بەڕێوە دەبرێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بكه‌ن.
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12-4-2017، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له (تۆبیاس ئێلوود) وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئافریكا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا كه (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و، دۆستایه‌تی و پاڵپشتیی خه‌ڵك و حكوومه‌تی به‌ریتانیایان بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه و پاراستنی ئاواره و په‌نابه‌ران به هه‌موو پێكهاته‌كانیانه‌وه و هه‌ماهه‌نگیی نیوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقیان به‌رز نرخاند.
سه‌باره‌ت به بارودۆخی مووسڵ دوای داعش، شاندی میوان به پێویستی زانی هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌واو له نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی شاره‌كه و هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵ و كۆمه‌ڵگا‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌بێت به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی. شاندی میوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك، كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌لایه‌كی دیكه به ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ ده‌ربڕی.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی سه‌ردانی شاندی میوان و پاڵپشتی و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی به‌ریتانیا له بواره‌كانی مرۆیی و سه‌ربازیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و، به پێویستی زانی هه‌ماهه‌نگییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ڕه‌وشی ئابووریی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه بۆ پێكهاته‌كانی شاری مووسڵ دوای داعش، كه تا ئێستا بایەخی پێنه‌دراوه و ئه‌ركی سه‌ره‌كییش له‌مباره‌یه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی حكوومه‌تی عێراق و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌مڕووه‌وه نیشان دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، (نێچیرڤان بارزانی) پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی قوربانییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه له دژی تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران و به‌هاناوه‌نه‌هاتنی به‌غدا بۆ ئه‌م پرسه وه‌ك پێویست، بۆ شاندی میوان خسته ڕوو و دووپاتی كرده‌وه، جگه له هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازی، له هیچ بوارێكی دیكه‌دا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌بووه و به پێویستی زانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌مباره‌یه‌وه هاوكار بێت.
سه‌باره‌ت به داهاتووی هه‌رێمی كوردستانیش، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه دیالۆگێكی جیددی له نێوان لایه‌نه‌كانی كوردستاندا هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان و، گفتوگۆیه‌كی چڕیش له‌سه‌ر بابه‌تی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بكه‌ن، به‌ڕێوه ده‌چێت. له‌مباره‌یه‌شه‌وه به پێویستی زانی دیالۆگی ڕاشكاوانه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێبكرێت، چونكه هه‌رێمی كوردستان خوازیاره سیستمی سیاسی هه‌رچۆنێك بێت، باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت.





