زاحی خەلفان: کەس ناتوانێ بەر بە سەربەخۆیی کوردستان بگرێت

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی پێشووی پۆلیسی دوبەی(زاحی خەلفان) دەڵێ، سەربەخۆییی کوردستان ئیرادەی گەلی کوردستانە و، ئاماژەی دا کە، فەرماندەی فەیلەقی قودس(قاسم سولەیمانی) ناتوانێ بەری پێ بگرێ.
(خەلفان) لە چەند تویتێکیدا کە دوێنێ سێشەممە بڵاوی کردوونەتەوە، جەختی کردووەتەوە "(قاسم سولەیمانی) ناتوانێ بەر بە سەربەخۆیی کوردستان بگرێت هەرکات گەلی کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدات."

ئەو بەرپرسەی پێشووی ئیمارات هەروەها نووسیویەتی "دبێ (سولەیمانی) لە کوردستان وەدەر بنرێ"، نووسیویشیەتی "ئێستا کاتی ئەوەیە ڕۆڵەکانی (سەڵاحەددینی ئەییوبی) دەوڵەتی خۆیان رابگەیەنن.. من یەکەم کەس دەبم لە میللەتی (محەممەد) ددانی پێدا دەنێم."
ئەو فەرماندەی پێشووی پۆلیسی دوبەی کە ئامادەییەکی زۆری لە بواری میدیاییدا هەیە ڕوونی کردووەتەوە "کوردستان لەلایەن ئەوانەوە کە دراوسێینی و خۆیان بە دەوڵەتی ئیسلامی ناساندووە زوڵمی گەورەیان لێ کراوە."
ئەو جەختی کردووەتەوە لەوەی کە "گەلی کوردستان زۆر لەوە بەخشندەترن کە بەم جۆرە خراپە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ (ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا)وە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ"، ئاماژەیشی داوە "سەربەخۆییی کوردستان گوڕ و تینێکی نوێ دەداتە ناوچەکە.. ئەو گەلە شایەنی بەدەستهێنانی سەربەخۆییە لەو وڵاتانەی دەمێکە زوڵمیان لیی کردووە."
هاوکات نووسیویەتی "دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بەڕەچاوگرتنی باری مرۆیی کورد، پێویستیی مێژووییە."
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی عەرەبی، دوو سەرکردەی کورد کە یەکێکیان ڕۆژهەڵاتییە و ئەوی دیکە هیی هەرێمی کوردستانە، ئاماژەیان داوە کە (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، دوو ڕۆژە لە سلێمانییە و هەوڵ دەدات بەر بە ڕاپرسیی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرێت.
وەک ئەو دوو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـیان ڕایانگەیاندووە، هەوڵەکانی (سولەیمانی) ترسە لە هاوپەیمانەتیی کورد و ئەمەریکا و، بڕینی ڕێگای ئێران بۆ سووریا و لوبنان.




