پارتی و یەکێتی: ئەمساڵ ڕیفراندۆم دەکرێت

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە؛ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندرا و جەخت لەوە کرایەوە، کە پارتی و یەکێتی زیاتر هەوڵی لەیەکترنیزیکبوونەوە دەدەن و، ئەمساڵیش ڕیفراندۆم دەکرێت.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە وەک ناوەڕۆکەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خرایەڕوو، ئەرێنی بوو و پرسی ڕیفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکووک و چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا تاوتوو کرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەریەک لە (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و (مەلا بەختیار) بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەیان بەوە کرد، کە پارتی و یەکێتی ڕیفراندۆم دەکەن و نیزیکبوونەوەی زیاتری پارتی و یەکێتیش لەگەڵ یەکدی بەپێویست زانرا.
لە دەستپێکدا (مەلا بەختیار) بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی یەکێتی گوتی: ''پاکێجێکمان پێشکەشی پارتی کردووە و برادەرانی پارتی زۆر بەجێددی گوێیان لێ گرتین.'' (مەلا بەختیار) گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕیفراندۆم و چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکووک و نیزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی کرا.
(مەلا بەختیار) دەشڵێ، بڕیار درا لیژنە بۆ چۆنییەتیی ڕیفراندۆم و کاتی ڕیفراندۆم دروست بکرێت بە ڕاوێژ لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان و باسێکی هەمەلایانەش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەکردنی کێشەکان کرا.
لەلای خۆیشیەوە (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''ئێمە، وەک کورد و کوردستانی، وەک هەموو گەلانی جیهان حەقمان هەیە ڕیفراندۆم بکەین لەسەر چارەنووسی کوردستان و ناسنامەی خۆمان بناسێنین.'' (فازڵ میرانی) گوتی: ''بۆ ڕیفراندۆم مۆڵەت لەکەس وەرناگرین، بەڵکو مۆڵەت لە گەلی خۆمان وەردەگرین.''
(فازڵ میرانی) ئاماژەی دا: ''بە بەغدامان گوت، بۆیە ڕیفراندۆم دەکەین، چونکە ژینگەیەکی واتان دروست نەکرد، کە گەلی ئێمە لەگەڵتان هەست بە هاووڵاتیبوون بکات.''
(فازڵ میرانی) گوتیشی: ''لە کۆبوونەوەکەدا باس لە نیزیکبوونەوەی زیاتری پارتی و یەکێتی کرا و، باشترکردنی گوزەرانی خەڵکیش تاوتوێ کرا.'' لە کۆتاییدا (فازڵ میرانی) ڕایشیگەیاند، کە ئەمساڵ ڕیفراندۆم دەکرێت.




