بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئاڵای کوردستانەوە رەوانەی لیژنەکان دەکرێت

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئاڵای کوردستانەوە، بۆ سڕکردن ئەمڕۆ دەنێردرێت بۆ لیژنە پەیوەندارەکان و دەشڵێ، بەپێی دەستوور پەرلەمان سەرپێچی کردووە و دەستەڵاتی رەتکردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی نییە.
(بەنگین مزووری) پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، بەپێی ئەو بەڵێنەی (سەلیم جبووری) بە کوتلە کوردستانییەکانی داوە، بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەبارەی داگرتنی ئاڵای کوردستانەوە لە کەرکووک، رەوانەی لیژنە پەیوەندارەکان بکرێت و رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، چونکە بەبێ رێککەوتن بەھیچ شێوەیەک بڕیارێکی وەھا جێبەجێ ناکرێت. خۆی لیژنەکان دەرچەیەکی یاسایی بۆ دەبیننەوە تا بڕیارەکە سڕ بکرێت و جێبەجێ نەکرێت، لەبەر ئەوەش بڕیارە ئێمە وەک فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق بکەین کە بڕیارە بەڕێوە بچێت."
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو "بەپێی یاسا پەرلەمانی عێراق سەرپێچی کردووە لە دەرکردنی بڕیاری داگرتنی ئاڵای کوردستانەوە، چونکە دەستوور دەستەڵاتەکانی پەرلەمانی دیاری کردووە و بەپێی ماددەی ١١٠ و مادەی ٦١، پەرلەمان بۆی نییە بڕیاری لەو جۆرە دەربکات و پێچەوانەی یاسایە."
(مزووری) گوتیشی "ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە گوێرەی یاسای ساڵی ٢٠٠٤ـی دەستەڵاتی کاتی ھەڵبژێردراوە و دەستەڵاتی پەرلەمانی بەسەردا ناشکێت، ھەروەھا بەگوێرەی یاسای ساڵی ٢٠٠٨ی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پەرلەمانی عێراق دەستەڵاتی رەتکردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی نییە، بەتایبەت پارێزگایەکی وەک کەرکووک کە دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە."
سێشەممە ٢٨-٣-٢٠١٧، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەسەر فەرمانگە حکوومییەکانی سنووری پاریزگاکە پەسەند کرد.
قائید میرۆ




