هەڵمەتی دووەمی هاوکارییەکان گەیەندرایە ناو مووسڵ

ھەولێر-KDP.info- بە مەبەستی رێگریکردن لە ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بە هۆی خراپیی بارودۆخی ژیانیانەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ناو مووسڵ هاوکاری گەیاندە ٥٠٠٠ خێزان.
دوێنێ یەکشەممە، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتی دووەمی هاوکارییەکانیان گەیاندە نێو شاری مووسڵ و دانیشتوانی گەڕەکی حەی سۆمەر لەو هەڵمەتی هاوکارییە سودمەند بوون.
کۆمپانیای کار گرووپ، ١٠٠٠ پارسێلی خۆراکی بۆ خەڵکی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی نەینەوا دابین کردبوو و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوکارییەکانی گەیەندرانە ناو سەنتەری پارێزگاکە و، ١٠٠٠ خێزانی گەڕەکی حەی سۆمەر سودمەند بوون.
جێگای ئاماژەیە لە هەڵمەتی پێشوودا لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری کوێتەوە، ١٥٠٠ خێزان هاوکارییان لە سەنتەری پارێزگای نەینەوادا بۆ دابین کرابوو.
(ئیسماعیل عەبدولعەزیز) بەرپرسی بەشی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە هاوکارییەکان بۆ ناو سەنتەری پارێزگای نەینەوا گوتی: ''سەرەڕای ئەو مەترسیانەی کە رووبەڕووی تیمە مەیدانییەکانمان دەبنەوە، بڕیارمان داوە بەردەوام بین لە دابینکردنی هاوکاریی خۆراکی بۆ خەڵکی ناوچە تازەئازادکراوەکان، چوونکە رۆژانە دەبینین بەهۆی کەمی و خراپیی رەوشی خۆراکەوە لەو ناوچانە، ژمارەیەکی زۆر خەڵک ئاوارەی سنووری هەرێمی کوردستان دەبن.''
گوتیشی: ''لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هەماهەنگی مانگی سووری کوێتی، هەڵمەتێکی بەرفراونی هاوکارییەکانمان دەگەیەنینە ناو سەنتەری پارێزگای نەینەوا و لەو هەڵمەتەشماندا ٣٥٠٠ خێزان سودمەند دەبن''.




