بە زەبری هێز کچەکەیان لە پەکەکە ستاندەوە

هەولێر-KDP.info- بنەماڵەی ڕفێندراوێکی ئێزدی، بە زەبری هێز کچە دووجار ڕفێندراوەکەیان لە پەکەکە دەستێننەوە.
بەپێی زانیاریی ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی 7/4/2017، (ئیلهام) کچی کەسایەتیی دەڤەری شنگال (ڕ پ)یە و لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە لە گوندی (زوراڤا)ی سەر بە شارەدێی سنوونێ لە سنووری شنگال، ڕفێنراوە.
(ڕ پ)پێشووتر لە ترسی پەکەکە لە کەمپەکانەوە چووەتە ئەو دێیە، دیارە کە پەکەکە کچەکیان ڕفاندووە و دواتر هێناویەتییەوە، جاری دووەم شەوی هەینی7/4/2017ـیە کە پەکەکە بە دوو ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و کچەکەیان ڕفاندووەتەوە، دەستبەجێ (ڕ پ) خۆی و کوڕ و براکانی بەدوای ئۆتۆمبێلەکانی پەکەکە کەوتوون و تەقەیان کردووە هەر نەوەستاون، تا دەگەنە (مەفرەقی بورک) لەوێ ئۆتۆمبێلەکەیان دەکێشن بە ئۆتۆمبێلێکی پەکەکەدا و ناچاریان دەکەن بوەستن، بەم جۆرە و بە زەبری هێز کچەکیان لێ سەندوونەتەوە.
(وەیس نایف) سەرۆکی ئەنجوومەنی شنگال ئەو زانیاریانەی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتڕاست کردەوە و گوتی، "هەمان زانیاریمان هەیە، ڕووداوەکە لە گوندی (زورئاڤا) بووە، لەوبارەوە بەدواداچوون دەکەین".
بە هۆی خۆسەپێنێ هێزێکی چەتەکانی پەکەکەوە لە سنووری شنگال، خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و، ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییش هەر بە هۆی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە پەکی کەوتووە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بە هۆی هەمان هۆکارەوە هێشتا دەستی یارمەتییان نەگەیاندووەتە ئەو ناوچانەوە.
کارزان سەباح هەورامی




