٦٥٠چەکداری هێزەکەی پەکەکە چوونە ڕیزەکانی پێشمەرگە

شنگال -KDP.info- لە دوای کردنەوەی دەرگا بە ڕووی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال، تائێستا نزیکەی ٦٥٠چەکداریان لێ جیا بوونەتەوە و ٤٥٠ـیان پێوەندییان بە پێشمەرگەوە کردووە.
(قاسم دربۆ) کە فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەیە لە شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرای کرد "ھاتنی چەکدارانی (یەپەشە- باڵی سەبازیی پەکەکە لە شنگال) بۆ ناو ریزەکانی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە؛ لە سەرەتای کردنەوەی دەرگا بە ڕووی ئەواندا تائێستا، نزیکەی ٦٥٠چەکداریان جیا بوونەتەوە و ٤٥٠ لەوانە فۆرمیان لای ئێمە پڕ کردووەتەوە و نزیکەی ٢٠٠چەکداری دیکەش لە ماڵەوە دانیشتوون، هەڵبەت بەردەوام پەیوەندی بە ئێمەوە دەکەن بۆ ئەوەی مەشق و راھێنانیان پێبکرێت و ببنە پێشمەرگە."
وەک (دربۆ) زانیاریی دا، لەئێستادا سەربازگەیان بۆ ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە مەشق و راھێنان بکەن، بڕیاریش وایە لە چەند رۆژی دابێ، ئامادەکارییەکانیان تەواو بێت و دەست بەمەشق و راھێنان بکەن و ببنە پێشمەرگە.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هەروەها گوتی، "ئەوانەی لەگەڵ هێزەکانی پەکەکەدا ماون، پێوەندیی بە ئێمەوە دەکەن و رۆژانەش بەشێکیان دێنە ریزەکانی پێشمەرگەوە، بەڵام گەر مەشق و راھێنان دەست پێبکات، ئەوانیش دێنە ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە، چونکە ھیچ متمانەیەکیان بە پەکەکە نەماوە و دواجار زانییان کە پەکەکە بۆ زیانگەیاندن بە شنگال لە ناوچەکەن."
بڵند ئیبراھیم




