شێخ جەعفەر: پارتی و یەکێتی ئەم قۆناغە بەیەکەوە تێدەپەڕێنن

ههولێر-KDP.info- (شێخ جەعفەر)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و پەشیمان نابێتەوە لەو دروشمەی هەڵیگرتووە و دهڵێت: ''بەیەکەوە ئەم قۆناغە بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنین.''
(شێخ جەعفەر)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرسی ڕیفراندۆم، پرسێکی گرینگە و بەجددی کاری لەسەر دەکرێت، پارتی و یەکێتی وەک یەک تیم لەگەڵ حزبەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە یەکلا ببێتەوە و بگەڕێینەوە بۆ دەنگی خەڵکی خۆمان. ئەو خەڵکانەش کە دەڵێن، ناکرێت حزبەکان کار بۆ ئەو پرسە بکەن، ئاخۆ حزبەکان نوێنەرایەتیی خەڵک ناکەن؟ ئەمە ئەرکی کێییە؟ ئەگەر حزبەکان کاری بۆ نەکەن و پێشنیاری نەکەن، ئەی کێ بیکات؟ بۆیە پرسی ڕیفراندۆم جددیە و دەبێ ئەنجام بدرێت، چونکە ناکرێت جارێکی دیکە ببینەوە بە پاشکۆ و گرێدراو. کوردستان لە لێواری بڕیاری چارەنووسسازی خۆیدایە.''
ئهو ئەندامهی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: ''ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ بەغدا تاقی کردەوە، دوای ڕووخانی سەدام بە هەموو شێوەیک لەگەڵ ئەوە بووین، کە دووبارە عێراق بنیاد بنرێتەوە و ببێتە وڵاتێکی دیمورکرات و فیدراڵ، بەڵام بەغدا ئەو ئامادەیییەی نەبوو؛ جارێک بە جووڵاندنی هێز، جارێک بە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و، ئیستاش بە هەڕەشەی بەکارهێنانی دەنگی زۆرینە لە پەرلەمان تووشی ئاستەگمان دەکات. بۆیە ئاستەمە بتوانین لەگەڵ ئەم عەقڵییەتە هەڵبکەین، چونکە ناکرێت تۆ بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەغدا بڕۆیت، ئەوانیش بەو شێوەیە مامەڵە بکەن، بۆیە گرینگە هەرێمی کوردستان بەزووترین کات لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.''
(شێخ جەعفەر) گوتیشی: ''پارتی و یەکێتی بەرپرسیارەتیی میژووییان لەسەر شانە و دەبێ پێکەوە و بەهاوبەشی کار بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، چونکە ئێستا هەموو دنیا پشتیوانیی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قارەمانەتیی پێشمەرگە دەکات و ئەمە کاریگەریی لەسەر بڕیاری نێودەوڵەتی کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ مافەکانی گەلی کوردستان بن.''
کارزان سەباح هەورامی




