مستەفا هیجری: سەربەخۆیی نموونەیەکی باش دەبێت بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ههولێر-KDP.info- حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕاپرسی لەسەر پرسی سەربەخۆییی کوردستان دووپات کردەوە.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دۆیچەڤێلەی ئەڵمانیا، (مستەفا هیجری)، سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئاماژە بە مافی ڕەوای گەلانی ناوچەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، پشتیوانیی حزبەکەی بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
(هیجری) ئەوەشی گوتووه، کە سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دەتوانێت نموونەیەکی باش بێت بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان.
هەر لەو بارەیەوە، دۆیچەڤێلە، دیمانەیەکی دیکەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئەنجام داوە و تێیدا (عەبدوڵڵا موهتەدی)، سکرتێری کۆمەڵە، پشتیوانیی لە بەشداریی خەڵک لە ڕاپرسیدا دووپات کردەوە و ڕایگەیاندووە، بەشداریی بەربڵاوی خەڵک دەبێتە هۆی شەرعییەتدانی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و، سەربەخۆییی کوردستان کاریگەریی ڕۆحی، مەعنەوی و سیاسی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت.




