پەکەکە بەردەوام تونێل لێدهدات

ههولێر-KDP.info- فەرماندەیەکی پاسەوانیی سنوور گوتی، چەکدارانی پەکەکە لە لێدانی تونێل لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن و بەشێکیشیان بۆمبڕێژ کردوون.
عەقید (دلێر زێباری)، فەرماندەی ھێزی یەکی پاسەوانیی سنوور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دھۆک بەردەوامن لە لێدانی تونێل و تا ئێستا ژمارەیەک لەو تونێلانەی لەلایەن پەکەکەوە لێدراون ئاشکرا بوون و بەشێکیشیان تەقێندراونەتەوە، چونکە دوای لێدانی ژمارەیەک تونێل بە ماددەی تەقەمەنی بۆمبڕێژ کراون و، ئەو تونێلانە مەترسین لەسەر دانیشتوانی نیزیک سنوور و ھەرکاتێک بتەقێندرێنەوە، زیانێکی زۆر لە ھاووڵاتییان و گوندنشینان دەدەن. ئێمە تا ئێستا تێنەگەیشتووین، کە مەبەستی پەکەکە لە لێدانی ئەو تونێلانە چییە، چونکە بەشێکیان دەکەونە ئەو ناوچانەوە کە ئاوەدانییان تێدایە، یان نیزیکن لە گوندە ئاوەدانکراوەکانی ھەرێمی کوردستان.''
عەقید (دلێر زێباری) گوتیشی: ''چەکدارانی پەکەکە مەترسییەکی گەورەیان لەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، چونکە ڕێ نادەن گوندنشینان بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان و جگە لە مەترسیی لێدانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ناوچەی تایبەت بە خۆیان دروست کردووە. ئێوارەی دوێنێ لە زناری گوندی کێستە چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەری تورکیا بە بیانووی ھەبوونی پەکەکە لەو شوێنەدا ناوچەکەیان بوردومان کرد و خۆشبەختانە ھاووڵاتییان لەکاتی بوردومانەکەدا لەوێ نەبوون، دەنا زیانێکی زۆری دەبوو.''
قائید میرۆ




