٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەفات كەرەم: هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا گرینگە.. گۆڕانكاریی گەورە بەڕێوەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا گرینگە و پەیامی گەلی كورد دەدەن بە عێراق، كە بێگومان كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر شەقامی كوردستانی و عەرەبییش.

لە بارەی سەردانی ئەو شاندەیشەوە، (د. عەرەفات كەرەم) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند، "پارتی و یەكێتیی دوو حیزبی سەرەكین لە كوردستان و خاوەن جەماوەر و دەسەڵات و بڕیارن، بۆیە هاتنیان بۆ بەغدا گرینگە، ئەمەیش یەكەم سەردان و دواسەردان نابێت، بەڵكو گفتوگۆ و سەردان بەردەوام دەبێت و ئەمە دەستپێكە، چونكە ئێستا ڕزگاركردنی مووسڵ نزیك بووەتەوە و گۆڕانكاریی زۆر گەورە بەڕێوەیە، بابەتی ریفراندۆمیش زۆر گرینگە و پێویستە خەڵك بزانێت ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە مانای ئەوە نییە ڕاستەوخۆ دەوڵەت ڕادەگەیێنی، بەڵكو بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئێمە رێز لە ئیرادەی خەڵك دەگرین تا بزانین  كوردستان چ بڕیارێك دەدات و، دەمانەوێت پێشانی بدەین كە خەڵكی كورستان دەیانەوێت لەگەڵ عێراق بن یاخود جیا ببنەوە".

(كەرەم) گوتیشی: " هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، نامەیەكی تری گرینگە كە پێشانی وڵاتانی توركیا و ئێران و وڵاتانی تری بدەین كە ئێمە پەیوەستین بەبەغدا و، لەگەڵیان گفتوگۆ دەكەین و لامان گرینگە، چونكە زۆر جار گلەییمان لێ دەكرێت و دەڵێن ئێوە ناچنە بەغدا".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی ده‌شڵێت، "ئەو كەسانەی هەڵبژیردراون بۆ شاندەكە، كەسانی شارەزا و میانڕۆن و دەتوانن گفتوگۆیەكی باش بكەن لەگەڵ بەغدا و دانیشن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا، لەوانە سەرۆككۆمار و سەرۆك وەزیران و (عەممار حەكیم) سەرۆكی هاوپەیمانی شیعە و، ( سەلیم جبووری) سەرۆكی هاوپەیمانی سوننە، ئەمەیش بێگومان كاریگەریی زۆر گەورەی دەبێت لەسەر شەقامی كوردستانی و عەرەبییش، چونكە دەبێت پەیامێك بدەین بە شەقامی عەرەبیی شیعە و سوننە كە ئێمە نەمانتوانی وڵاتێكی دیموكراسی و مەدەنی بەڕێوە ببەین، بۆیە ئێمە نیگەرانیی خەڵكی كوردستان دەدەین بە بەغدا و ئەوانیش ناتوانن ببن بە رێگر، چونكە ڕیفراندۆم شتێكی دەستووری و یاساییە".

 

نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار