ھاونیشتیمانیان، بە گەشبینییەوە له نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتیی دەڕوانن.. كاتی یەك دەنگییه

ھەولێر-KDP.info- هاونیشتیمانیان بە گەشبینییەوە چاوەڕێی دەرەنجامی كۆبوونەوە و ڕێككەوتنەكانی لایەنە سیاسییەكان دەكەن لە ھەولێر و لەگەڵ كاربەدەستانی عێراق و دەڵێن، گەشبینین بە نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتیی بۆ پرسە نەتەوەییەكان.
لە كۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك (مەسعوود بارزانی)، چەند تەوەرێك خرانە بەرباس و گفتوگۆكردن سەبارەت بە ڕیفراندۆم و كەركووك و بارودۆخی ناوخۆی كوردستان و، تێیدا بڕیار درا بۆ دیاریكردنی كات و میكانیزمی چۆنیەتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆ بكەن، ھاونیشتیمانیانیش بە گەشبینییەوە لێی دەڕوانن.
(عەدنان شێخ عومەر) چالاكوان لە دەربەندیخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "ھەر كات پارتی و یەكێتیی لە یەكدی نزیك ببنەوە، پرسە نەتەوەیەكان زیاتر بەرەو پێش ڕۆییشتوون، خەڵك زۆر بە گەشبینییەوە لە دۆخەكە دەڕوانێت، بە تایبەت ئێستا كاتی ھەنگاونان بەرەو یەكدەنگیی گەلی كوردستانە و خەڵك چاوەڕێی لایەنە سیاسییەكانی ترە بۆ ھەنگاونان بۆ یەكڕیزی، چونكە لەم كاتەدا كاروانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، زیاتر بەرەو پێش چووە بە تایبەت دوای ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، دژایەتیی سەرسەختی عەرەبە شۆڤێنییەكانیش لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی سەلماند كە، دەبێت یەكڕیز و یەكدەنگ بین بەرانبەر گشت پرسە نەتەوەییەكانمان".
(ڕێبین نەوزاد) قوتابیی زانكۆی كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆبوونەوی ھەردوو مەكتەبی سیاسیی ئەو دوو حزبە دەربارەی ڕیفراندۆم، كە ئاواتی ھەموو كوردێكە، ھەروەھا یەكدەنگبوونی كورد لە كەركووك و ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان، دوژمنانی تووشی شۆك كرد، چونكە ھەنگاوەكانی سەربەخۆیی لەوە خێراترن كە چاوەڕێ دەكرا".
پارێزەر (ھەڵوێست میرانی) لە ھەولێر دەڵێت: "لێكنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتیی لەسەر پرسە نیشتیمانییەكان، ھەنگاوێكی گرینگە، چونكە ئەو لێكنزیكبوونەوەیە كەشێكی لەبار بۆ كۆدەنگیی نیشتیمانی لەمەڕ پرسە گرینگ و نیستیمانییەكان دێنێتە ئاراوە".
(میرانی) گوتیشی: "ئەو مانۆڕە سیاسیانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، گەواھیدەری ئەو ڕاستییەن كە لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان جێی ئومێدی خەڵكە، هەروەك چۆن ھەر یەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی پێشوازییان لە وەفدە ھاوبەشەكەی نێوان پارتی و یەكێتیی كرد، كەواتە بوونی پەیوەندیی توندوتۆڵ لە نێوان ھەردوو پارتی حوكمڕان، گەرەنتیی بەردەوامبوونی كەشێكی ئارامە لە ھەرێم و بەرەوپێشچوونی ئەو ھەنگاوانەیە كە بۆ پرسی ڕیفراندۆم دەنرێن".
فایزە كۆیی




