كوردستانیان: پێویستە هەموومان له پشت سیاسەتی سەرۆك بین بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی

سلێمانی-KDP.info- هاووڵاتیان، چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، بە پەرۆشەوە دەڕواننە هەنگاوەكانی بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و، داوا دەكەن لەم پڕۆژە نیشتیمانییەدا لایەنە سیاسییەكان دەستلەناودەست كار بۆ سەرخستنی بكەن.
كادیری پێشكەوتووی پارتی (كامەران غەریب) لە سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ڕیفراندۆم بەرهەمی شۆڕش و قوربانیدانی گەلی كوردە، بۆیە زۆر پێویستە دەست بخەینە ناو دەستی یەكدی و بە یەكدەنگ ئیش بۆ سەركەوتنی ئەو پڕۆژە نەتەوەییەی گەلەكەمان بكەین".
(غەریب) گوتیشی، "هەرێمی كوردستان لەوپەڕی بەهێزیدایە، بۆیە كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لە عێراقێك كە تائێستایش بە هاووڵاتیی پلە دوو سەیری گەلی كورد دەكەن، بۆیە هیچ بەرژەوەندییەكمان نەماوە لە عێراقدا و، دڵنیام زۆرینەی ڕەهای گەلی كوردستان دەنگ بە بەڵێ دەدەن بۆ ڕیفراندۆم و لە پشت سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دەوەستنەوە".
كادری پێشكەوتووی حزبی سۆشیالیست (هیمداد عەبدوڵڵا) لە هەڵەبجە، لای خۆیەوە دەڵێت، "خەون و ئاواتی سەربەخۆیی بۆ گەلەكەمان، بە حەكیمی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دێتە دی و، وەك پیشەی هەمیشەییش كورد دەیەوێت بە ئاشتیانە كێشەكان چارە بكات و مافەكانی بەدەست بێنێت، بۆیە لە ئێستادا هەنگاو بەرەو ڕیفراندۆم دەنێت، تاوەكو بە هەموو دنیا بڵێین، ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆ بین و خۆمان حوكمڕانیی وڵاتی خۆمان بكەین".
(عەبدوڵڵا) ئاماژەی بەوە دا، "عێراق بە تەواوەتی پشتی كردووەتە گەلی كورد و بودجە و مووچەی گەلەكەمانی بڕیوە و دەستووریان پێشێل كردووە، بۆیە ئیدی كاتی ئەوە هاتووە بە عێراق بڵێین وەرن با بە ئاشتیانە جیا ببینەوە و دوو دەوڵەتی دراوسێی باشی یەكتر بین، ئاماژە و گۆڕانكارییەكانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندان".
(نەعمان كەركووكی) چالاكی كۆمەڵی مەدەنی لە كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "سەرجەم نەتەوەكانی كەركووك لەگەڵ ئەوەدان لە كەركووكیش ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و بگەڕێینەوە سەر كوردستان هەروەك چۆن سەرجەم نەتەوەكان پێشوازییان لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كرد، ڕەنگە دەنگێكی ناڕەزاییش هەبووبێت كە توركمان و عەرەب نەبوون بە گشتی، بەڵكە چەند سیاسییەكی بەرژەوەندیخوازی ئەو دوو نەتەوەیە بوون".
(كەركووكی) دەڵێت، "لە ئێستادا لە ڕووی ئەمنی و سەربازی و تا ڕادەیەك ئابووریشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارەی كەركووك دەدات، بۆیە واتایەك بۆ ئەوە نەماوەتەوە لەگەڵ عێراق بمێنینەوە و دەمانەوێت بخرێینەوە سەر هەرێمی كوردستان".
(كاروان كەلاری)ـی ڕاگەیاندنكار لە گەرمیان، ئاماژە بەوە دەدات، "وڵاتانی زلهێز سەرقاڵی داڕشتنەوەی سنوورەكانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە دڵنیام دەوڵەتی كوردستان لەم هاوكێشەیەدا بوونی هەیە، بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی كورد لە پشت سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) بێت بۆ كاركردن لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان".
(كەلاری) گوتیشی، "لەم كاتەدا زۆر پێویستە پێوەندییەكانی حزبەكانی كوردستان باش بێت بە تایبەتی پارتی و یەكێتیی، كە دوو حزبی باڵادەستن و دەتوانن پێكەوە ئەزموونی كوردستان بگەیەننە كەناری ئارامی و دەوڵەتی كوردستان بنیات بنێن".
چالاكی كۆمەڵی مەدەنی (فریاد ڕانیەیی)، لای خۆیەوە دەڵێت، "ڕیفراندۆم مافی هەموو ئەو نەتەوەیانەیە كە چەوسێندراونەتەوە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا مافی خۆیەتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات بۆ وەرگرتنی ڕای گەل، تاوەكوو لەگەڵ حكوومەتە زڵهێزەكاندا قسە بكەین و بڵێین ئێمەیش گەلێكین دەمانەوێت سەربەخۆیانە بژین، بۆیە دڵنیام گەلی كورد بە سەرجەم نەتەوەكانەوە پشتگیریی ئەو پڕۆژە نەتەوەییە دەكەن".
(ڕانیەیی) گوتیشی، "لە دەستووردا هاتووە كە، عێراق وڵاتێكی فیدڕاڵییە، بۆیە مافی هەرێمی كوردستانە ڕاپرسی بكات بۆ جیابوونەوە لە عێراق و بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان".
هێڤیار هەڵەبجەیی




