"پەیامی هاوخەمیی سەرۆک بارزانی گەیندرایە کونسووڵی ڕووسیا"

هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) پەیام و هاوخەمیی (سەرۆک بارزانی) گەیاندە کونسووڵی ڕووسیا. لە پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی)دا هاتووە: ''هەموو مرۆڤایەتی دژی تیرۆر و تاریکپەرستان لە یەک خەندەقداین، هەر ئەمەشە ئێمەی لە کوردستانەوە نیگەران کردووە بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی سان پیترسبورگ.''
(هەورامی) هاوخەمی و نیگەرانیی (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردی گەیاندە کونسووڵگەریی ڕووسیا و ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ئیدانە کرد و، لەڕێی (ڤیکتۆر سیماکۆڤ)، کونسووڵی ڕووسیاوە لە هەولێر، پەیامی هاوخەمیی (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردی بە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و حکوومەت و گەلی ڕووسیا گەیاند، کە لە پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی)دا هاتووە: ''هەموو مرۆڤایەتی لە یەک خەندەقداین دژی تیرۆر و تاریکپەرستان، هەر ئەمەشە ئێمەی لە کوردستانەوە نیگەران کردووە بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی سان پیترسبورگ. زامەکانیشی لە دڵی ئێمەدا قورسترن، چونکە ڕۆڵەکانی ئێمە لە دەستپێکی ئەو خەندەقەدان، کە مرۆڤایەتی لەنێویدایە دژ بە تیرۆر، کە ئەوانیش پێشمەرگە قارەمانەکانمانن.''
(ڤیکتۆر سیماکۆڤ)، کونسووڵی ڕووسیا لە هەولێر، سەردانی نوێنەری (سەرۆک بارزانی) بە گرینگ وەسف کرد و ڕایگەیاند، پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) دەگەیەنێتە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و حکوومەتی ڕووسیا. گوتیشی: ''گەلی ڕووسیا و گەلی کورد، تەنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پێکەوە نەبوون، بەڵکو پێوەندییەکی لەمێژینەمان هەیە و ئێستاش وەها پێوەندییەکی سیاسی و ئابووری بنیاد نراوە، کە دەشێت خەم و خۆشییەکانمان هاوبەش بن.''
(سیماکۆڤ) بۆ ئەم پەیامە زۆری سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد.




