ئاسایشی شنگال: پەکەکە زیاتر لە ٢٥٠ کوڕ و کچی ئێزدییانی بردووەتە قەندیل
__2017_04_04_h15m13s39__HK.jpg)
شنگال-KDP.info- بەڕێوبەری ئاسایشی شنگال ئاماژە بەوە دەکات، پارتی کرێکارانی کوردستان کار دەکات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی چەکدارەکانی لەنێوان قەندیل و شنگالدا و ئەوەش وەک تاکتیکی تازە بەکار دەهێنێت.
وەک چاودێرانی سیاسی باسیان کردووە، پەکەکە ناونیشانی کارەساتێکی دیکەیە بۆ کوردانی ئێزدی و تا ئێستاش لە ڕفاندنی کوڕ و کچانی ئێزدی بەردەوامن و دەیانەوێت کارەسات بەسەر کوردانی ئێزدیدا بێنن، بۆیە ناوچە ئێزدینشینەکانیشی کردووەتە نیشانە، تا لەو ڕێیەوە زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت و ئامانجی سەرەکیشیان دژایەتیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ڕێگرتنە لەو پێشکەوتنەی کە هەرێم بەخۆیەوە دەبینێت.
(وەیس نایف)، سەرۆکی ئەنجوومەنی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پەکەکە ئاڵوگۆڕ بە چەکدارەکانی لەنێوان قەندیل و شنگالدا دەکات، لە کاتێکدا کە بەشی زۆری ئەو کچ و کوڕە ئێزدییانەی پەکەکە بردوونی بۆ قەندیل، منداڵن و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.''
(قاسم سمۆ)، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەکەکە پتر لە ٢٥٠ گەنجی کچ و کوڕی شنگال، کە چەکداری کردبوون، ڕەوانەی قەندیلی کردوون و، ھەندێک لەوانە لەو کەسانەن کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە کارەساتی شنگالدا ڕفێندرابوون، پاشان پەکەکە چەکداری کردوون و بردوونی بۆ قەندیل.''
بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال گوتیشی: ''ڕفێندراوانی ئێزدی کاتێک لە سووریا ڕزگار دەبن، بەتایبەتی منداڵان و ھەرزەکاران، پەکەکە ناھێڵێت بگەڕێنەوە بۆ نێو کەس و کاریان، بەڵکو ئەو خەڵکەی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار دەبن، دەیانگوازێتەوە بۆ قەندیل، بەبێ ئەوەی کەسوکاری ئەو ڕزگاربووانە ئاگادار و ڕازی بن.''
کارزان سەباح هەورامی




