٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حزبەکانی ڕۆژهەڵات پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن و پێیان وایە گەلی کوردستان لەو ڕێیەوە دەتوانێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و دەڵێن، گرینگە ڕێز لە ویست و ئیرادەی خەڵک بگیرێت.

دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە تێیدا دەربارەی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکان بۆ دیاریکردنی ئالییەت و کاتی ڕیفراندۆم بڕیار درا، ئێستا حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانیی خۆیان بۆ پرسی ڕیفراندۆم دەربڕیووە و، بریارە لەو بارەیەوە بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاو بکەنەوە.

(حەسەن شەرەفی)، جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بابەتی چارەنووسی خوشک و براکانمان لە باشووری کوردستان تەنیا بەدەست خوشک و براکانمانە لە کوردستانی باشوور و هەربڕیارێک لە پێوەندی لەگەڵ چارەنووسی خۆیاندا بۆ ژیانی خۆیان و بۆ مافی نەتەوەیی و سیاسی بیدەن، بۆ ئێمە جێی ڕێزە؛ ئەو بڕیاردانە لە پێوەندی لەگەڵ ڕیفراندۆم، یان هەرشتێکی دیکەدا بێت، ئێمە بە چاوی ڕێزەوە سەیری بڕیاری خوشک و براکانمان دەکەین و، بەلامانەوە گرینگە لەم کاتەدا خەڵکی کوردستانی باشوور بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.''

(ئەنوەر محەمەدی)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەک کۆمەڵە پێمان وایە ڕیفراندۆم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مافی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا یەکلا بکاتەوە، مافێکی خەڵکی باشووری کوردستانە.''

(محەمەدی) لە درێژەدا گوتی: ''ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە، بۆ ئەوەی کار بکات بۆ دروستکردنی دەوڵەت و خاوەنی سیادەی خۆی بێت و، ئێمە بە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانی لە هەرپارچەیەکی کوردستان دەزانین، چونکە حزبەکانی باشووری کوردستان خاوەنی جەماوەر و پێگەی کۆمەڵایەتین و گرینگە دەربارەی خێرا بەئەنجامگەیاندنی ڕیفراندۆم بڕیار بدەن.''

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵە ئەوەشی خستەڕوو: ''گرینگە ئەو هەنگاوانە بکرێنە پراکتیکی و، گرینگە کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی زیاتر پێداگری بکات، هەتا لە هەموو لایەکەوە پشتیوانیی لێ بکرێت.''

کارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار