كریستیان: لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆییداین

هەولێر-KDP.info- بەر لە سەردانی شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتیی، بڕیارە لایەنە سیاسییەكانی كلد و ئاشووری لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك لەبارەی دیاریكردنی هەڵوێستی خۆیان ساز بدەن و، سەركردەیەكی كریستیانیش دەڵێ، "ئێمە لەگەڵ ریفراندۆمین و پێمان وایە پرسی ریفراندۆم دوا خراوە و پێویست بوو پێشتر ئەنجام درابا".
(رۆمیۆ هەكاری)، سكرتێری حزبی "بێت نەهرێن"، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "شاندێكی پارتی و یەكێتیی دەستیان بە سەردانەكانیان كردووە بۆ لای لایەنە سیاسییەكان و وا بڕیارە سەردانی پێكهاتەكانیش بكرێت، لەوانە پێكهاتەی كلد و ئاشوورییەكان، لەبەر ئەوەیش ئێمە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەكانی كلد و مەسیحی و ئاشووری، بەر لە هاتنی شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتیی كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆمان لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە یەك بخەین و، هەموومان هەڵوێستێكی یەكگرتوومان دەبێت لەبارەی ماف و تێڕوانینمان بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی".
(هەكاری) گوتیشی، "ئێمە وەك حزبی بێت نەهرێن بێگومان لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆییدان و بە مافێكی رەوای گەلی كوردستانی دەزانین، هەتا چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، ئێمە پێمان وایە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی دوا خراوە و پێویست بوو زۆر پێشتر ئەو هەنگاوە بهاوێژین بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەوانەیە كێشەی نێوخۆیی لایەنە كوردستانییەكان یەكێك بێت لە هۆكارەكانی دواخستنی پرسەكە".
سكرتێری حزبی بێت نەهرێن دهشڵیت، گەلی ئێمەیش دەبێت بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بدەن لە پڕۆسەی ریفراندۆمدا، ئێمەیش وەك حزبی بێت نەهرێن پشتگیری و پشتیوانیی گەلی خۆمان دەكەین بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە و دەستنیشانكردنی پاشەڕۆژی خۆمان".
قائید میرۆ




