کەرکووک بڕیاری دا

کەرکووک-KDP.info- ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کۆی دەنگی ئامادەبووان، بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقی ڕەت کردەوە و، پێشنیازی سازدانی گشتپرسی لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ـدا پەسند کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 4-4-2017، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ تاوتووکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق پێوەست بە رەتکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، هەروەها لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پشبەستوو بە دەقەکانی دەستووری عێراقی فیدراڵ، بە کۆی دەنگ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقی ڕەت کردەوە.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە دەنگدانە لەبارەی بەشداریی کەرکووک لە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان، پاش گفتوگۆیەکی کورت، دیسان بە ٢٢ دەنگی بەڵێی ئامادەبووان، لەبەرانبەردا ٢ دەنگی دواخستنی، پەسند کرا.
بەلەبەرچاوگرتنی پێشێلکردن و پشتگوێخستنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق، کە تایبەتە بە چارەکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە لە ماددەکەدا بە ناوچە کێشەلەسەرەکان ناوی براوە، هاوکات بەگوێرەی ئەم ماددە دەستوورییە ب سازدانی گشتپرسی، سەرۆکی لیستەکانی پارتی و یەکێتی و ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەن، یەکلاکردنەوەی بەشداریکردن لە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان خستە بەر باسەوە، دواتر بە کۆی دەنگی ئامادەبووان، پێشنیازی سازدانی گشتپرسی لە کەرکووک پەسند کرا.




