دەزگای بارزانی، هاوكاریی 3 هەزار و 96 خێزان و منداڵی لە شنگال، دیبەگە و حەسەنشام كرد

شنگال-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكارییەكی بەرفراوانی گەیاندە سەر چیای شنگال و لەو هاوكارییانەدا زیاتر لە 9000 و 500خێزان و منداڵی ساوا سوودمەند بوون. هەروەها 1697 خێزانی ئاوارەیش لە كەمپەكانی دیبەگە و حەسەنشام هاوكاری كران.
رێككەوتی 3ـی نیسانی 2017، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چیای شنگال بە هەماهەنگیی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق پێداویستیی تەندروستییان بۆ 9000 خێزانی ئاوارە لەسەر چیای شنگال دابین كرد.
هەر لە هەمان رۆژدا تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جلوبەرگیان بۆ 50 خێزانی چیای شنگال دابنین كرد، هەروەها شیری قوتوو بە هەماهەنگی كەنیسەی كاسۆلۆكی لە سویسرا بۆ 500 منداڵی سەر چیای شنگال دابین كراوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لەگەڵ ئاوارەبوونی كوردانی ئێزدی بۆسەر چیای شنگالەوە، هەتا ئێستا هاوكاریی جۆراوجۆری بۆ ئاوارەكان دابین كردووە و هەوڵی داوە بەشێكی بەرچاوی پێداویستیی ئاوارەكان پڕ بكاتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە دابەشكردنی جۆرەها هاوكاری بۆ ئاوارەكان لە كەمپەكانی دیبەگە و حەسەنشام و بە هاوكاریی رابیتەی ئیسلامی و مانگی سووری توركیا، هاوكاریی 1696 خێزانی ئاوارەی كرد.
رێككەوتی 3ـی نیسانی 2017 تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراكی وشكیان بۆ 1196 خێزانی ئاوارە لە كەمپەكانی دیبەگە دابین كرد، هاوكارییە خۆراكییەكان لەلایەن رابیتەی ئیسلامییەوە دابین كرابوون.
رۆژی پێشوو رێكەوتی 2ـی نیسانی 2017 دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی حەسەنشام بە هەماهەنگیی مانگی سووری توركیا، هاوكاریی خۆراكی بۆ 500 خێزانی ئاوارە دابین كرد.
كەمپی دیبەگە دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر و كەمپی حەسەنشامیش دەكەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێن كە، رۆژانە رێكخراو و ناوەندە خێرخوازییەكان لە رێگای (دەزگای خێرخوایی بارزانی)ـیەوە جۆرەها هاوكاری بۆ ئاوارەكان دابن دەكەن.




