"١٨٤ کەس لە سنووری ھەڵەبجە بۆ پێوەندیکردن بە حەشدی شەعبییەوە ئامادە کراون"

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە ڕایگەیاند، ئێستا ناوی 184 کەس ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببردرێن بۆ کەرکووک و لەناو حەشدی شەعبیدا مەشق و ڕاھێنانیان پێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش حەوت پاسیان بۆ گیراوە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت، پێویستە ڕێگرییان لێ بکرێت، دەنا دواتر دەبێ ئەو کێشەیە بە خوێن چارە بکرێت.
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە، (فازل بەشارەتی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرەتا بە چڕی خەڵک خۆی بۆ ڕیزەکانی حەشدی شەعبی ناونووس دەکرد و، من لیستێکی ناوم لایە، کە ١٨٤ کەس ناوی خۆیان نووسیوە و حەوت پاس بۆ ئەو کەسانە گیراوە و بڕیارە لەم ڕۆژانەدا ببردرێن بۆ کەرکووک، بۆ ئەوەی مەشق و ڕاھێنانیان پێ بکرێت، بەڵام ھێشتا نەچوون.''
(فازل بەشارەتی) گوتی: ''ئێستا کۆدەنگییەک ھەیە، بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکرێت و ڕێیان پێ نەدرێت، ببنە حەشدی شەعبی. ئەمە باشە، چونکە ئەگەر ئێستا ڕێگرییان لێ نەکرێت، دواتر دەبنە بەڵایەک بۆ ئێمە و ئەنجامی خراپی دەبێت.''
بەرپرسی لقی١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە ڕوونی کردەوە: ''ئەمەی دەکرێت خیانەت و تاوانە و پێویستە ھێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ڕێگرییان لێ بکەن و نەھێڵن ببنە حەشدی شەعبی.''
(بەشارەتی) ڕایگەیاند: ''ئێستا پێویستە ڕێگری بکرێت لەوەی کە ئەو ھێزە لە سنووری ھەڵەبجە دروست بکرێت، دەنا دواتر دەبێ ئەو کێشەیە بە خوێن چارە بکرێت.''
(بەشارەتی) دەڵێت: ''ئەوانەی خۆیان ناونووس کردووە، خەڵکی سنووری پارێزگای ھەڵەبجەن؛ وەکو خورماڵ و شارەزوور و ھەورامان و ھەڵەبجە.''
بەرپرسی لقی١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە گوتیشی: ''لەدوای ئەوناڕەزایەتییەی دەرمانبڕی، ئێستا ھەندێک لەو خەڵکەی خۆی ناونوس کردووە، پاشگەز بوونەتەوە و خەڵک وەکو پێشوو ناوی خۆیان نانووسن.''
بڵند ئیبراھیم




