چاودێران: پەکەکە بۆی ناچێتە سەر شنگال داببڕێنێ و بیکاتە کانتۆن
__2017_03_09_h15m31s56__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- چاودێران و ڕۆژنامەنووسان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، کە (پەکەکە) بە هاوكاریی هەندێك لایەنی هەرێمی دەیەوێت شنگال لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە پیلان لە دژی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێ، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتە سەر.
(زكری ئەحمەد)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''(پەکەکە) زیاتر لە دوو ساڵە كار دەكات، بۆ ئەوەی بە هەرشێوەیەك بێت شنگال لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە و، بۆ ئەو مەبەستەش لەنێوان (پەکەکە) و هەندێك حزبی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا بەرنامەیەك هەبوو، کە تا ئێستاش ئەو بەرنامەیە هەیە و، دەیانەوێت، دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بوەستنەوە و پیلانگێڕی بکەن بەڵام ئەوەیان بۆناچیتە سەر کە شنگال داببڕێنن و بیکەن بە کانتۆن.''
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: ''كاتێك ئەو كارەساتە بەسەر خەڵكی شنگالدا هات، (پەکەکە) ئەو هەلەی قۆزتەوە و گەنجانی شنگال، چ كوڕ و چ كچ، بەتایبەتی ئەوانەی خوێندەوارن، دەباتە ڕۆژئاوای كوردستان و كەمپەكانی خۆی و، لەوێ پەروەردەیان دەكات و جارێكی دیكە دەیانهێنێتەوە شنگال. (یەپەشە) و هێزی پاراستنی شنگالی بەو گەنجانە دروست كرد، كە هەموو یەكن و سەر بە (پەکەکە)ن، بۆیە ئەوان بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكەن، كە هەموو كوردانی ئێزدی بخەنە نێو ئەو ڕێكخستنەوە و شەڕی هەرێمی کوردستان بەو ئێزدییانە بكەن.''
(خدر سەلیم)، ڕۆژنامەنووس لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''(پەکەکە) لەگەڵ هەندێك وڵاتی ناوچەكە، دەیانەوێت لە شنگال گوشار بخەنە سەر حكوومەتی هەرێم، كە هەموومان دەزانین هەرێمی کوردستان بەرەو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی كار بۆ سەربەخۆیی بکات، سەرقاڵی كێشە نێوخۆیییەكانی كورد و كوردستان بێت. (پەکەکە) جگە لە زیانگەیاندن بە دۆزی نەتەوەییی كورد، هیچ سوودێكی بۆ حكوومەتی هەرێم نییە، بۆیە ئەوان و هەموو وڵاتانی داگیركەریش ناتوانن ڕێ لە سەربەخۆییی كوردستان بگرن، چونكە خەڵكی كوردستان بڕیاری داوە و لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەردەوام دەبێت، تا بە ئاواتەكانی دەگات.''
(خدر سەلیم) زیاتر دوا: ''پاش هاتنی چەكدارانی داعش بۆ شنگال و دەوروبەری، هەندێك لایەنی سیاسی، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، پێی خۆیان هاوێشتە نێو شنگال، یەكێك لەو هێزانە (پەکەکە) بوو، ئێستا (پەکەکە) ئامادە نییە شنگال و ئەو ناوچانەی لێ نیشتەجێ بووە، بەجێ بێڵێت. وەك كورد، ئەركێكی نەتەوەیی لەسەر شانی ئێمەیە، كە هاوكاریی یەكدی بكەین، كاتێك كۆبانێ كەوتە بندەستی چەكدارانی داعش، هێزی پێشمەرگە ئەرکی نەتەوایەتیی خۆی بەجێ هێنا و چوو بەرگریی لە كۆبانێ کرد و، دوای ئازادكردنی شارەكە و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی، گەڕایەوە هەرێمی كوردستان. (پەکەکە) بەپێچەوانەی ئەوەوە، بەردەوام هەوڵی ڕفاندنی كچانی ئێزدی دەدات و دەیانباتە نێو ڕیزەكانی خۆی و بۆ مەرامی تایبەتیی بەكاریان دێنێ.''
ڕابین شێروانی




