٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەسایەتییە سیاسییەکان، پەیامەكەی سەرۆک بارزانی بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە، هەروەها سەركردەیەكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشوازی لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەڵێن، پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئەو پێشنیازە بە هەند وەربگرن و كار و ئالیەتی جێبەجێكردنی پەیامەكەی بگرنە بەر.

(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، دوێنێ یەکشەممە، پەیامێكی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی كوردستانەوە بڵاو كردەوە.
پێوەست بەم پرسە، (محەممەد بازیانی) سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێشوازی لە پەیامەكەی (مەسعوود بارزانی) دەكەین كە ھەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ چارەكردنی قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان و كاراكردنی پەرلەمان و پێكھێنانی حكوومەتێكی نوێ."
(بازیانی) گوتیشی: "لە پێشتریشدا ئێمە لە (١٩/١١/٢٠١٦) پێشنیازێكی لەو جۆرەمان ھەبوو، بەو ھیوایەی بە زووترین كات لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆ ببنەوە و، چارەیەك بۆ ئەم كێشە ناوخۆییانە بدۆزنەوە."
لەبارەی چارەسەری قەیرانی هەرێمەوە، لە پەیامەکەیدا (سەرۆک بارزانی) دووپاتی کردەوە، چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێك‌بكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.

(گۆران جەلال)، ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەم دۆخە چەقەبستووەی هەرێمی كوردستاندا، پەیامی كاك (مەسعوود بارزانی) جۆرێكە لە دەستپێشخەری بۆ چارەكردنی كێشەكان، پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئەو پێشنیازەی كاك (مەسعوود) بە هەند وەربگرن و كار و ئالیەتی جێبەجێكردنی پەیامەكەی بگرنە بەر".
(جەلال) گوتیشی: "وەك حزبی زەحمەتكێشان پێمان وایە دەستپێشخەرییەكەی (بارزانی)، دەستپێشخەرییەكی باشە بۆ ئەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە بگۆڕدرێن، یان بە شێوازێكی دیكە رێك بخرێنەوە، لەسەر لایەنە سیاسییەكانیش پێویستە بەدوای ئەو پێشنیازەدا بچن و ئالیەتی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی بدۆزنەوە".

قاید میرۆ- فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار