هاونیشتمانیان: گەل سزای گۆڕان دەدات.. شەڕی سیاسیی بە مامۆستا و خەڵك دەكات

ھەولێر-KDP.info- كوردستانیان دەڵێن، ئەوەی لە دەڤەری سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و بەشێك لە ناوچەكانی دیكە دەگوزەرێ، تەنیا بەلاڕێدابردنی خەڵكە و، گۆڕان شەڕی سیاسیی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مامۆستا و خەڵك دەكات.
لە سلیمانی (موسڵیح عومەر) وەك فەرمانبەری حكوومی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گۆڕان ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە بزووتنەوەیەكی سەرەڕۆ بووە و هەروەها جیابوونەوەی لە یەكێتییش، بە بەرنامەیەكی دەرەكیی بووە، بۆ ئەوەی نەھێڵن خەڵكی كوردستان بە ئارامی بژین و بەربەست دروست بكەن لە بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان و ئەو دەستكەوتانەی كە ھەن، ئەوان دەخوازن بگەڕێیننەوە خاڵی دەستپێك، بەڵام پێم وانییە گۆڕان بتوانێ ئەو مێژووە ڕەشەی خۆفرۆشی دووبارە بكاتەوە و سەركەوتوو بێت، چونكە دەسەڵاتەكەی تەنیا لە یەك پارێزگادا كۆ بووەتەوە، لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا ئەم دەسەڵاتەیشی نامێنێت و گەل سزای دەدات، بەڵام مەرجە لە ئێستا میللەت ببێتە ڕێگر لەو بەرنامە كە بە دەست گۆڕانەوەیە و ھەوڵی جێبەجێ كردنی دەدات، ھەموو كەسێكیش باش دەزانێت ئەو سیاسەتەی گۆڕان دەیكات نە بۆ خەڵكە و نە بۆ دەوڵەت، بەڵكو پێچەوانەیە و دژ بە كورد و كوردستانە، بۆیە پێویستە خەڵك وریا بن و ڕێگر بن لەوەی بزووتنەوەیەك میللەتێك لەناو بەرێت، لەم ڕەوشەیشدا خەڵكی سلێمانی بە تایبەت و كوردستان بە گشتی زەرەرمەندن و ناحەزانی كورد خۆشحاڵ دەكات و ھیچی تر."
مامۆستا (پەیمان جەوھەر میرگەسۆری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) خوێنی شەھیدی پێشمەرگە و رۆڵەی پارچەكانی تری كوردستان لە بەرچاوی جیلی داھاتوو ناشارێتەوە، لە بیری مەكەن ئەو خوێنە رژاوە و ئەو لاشانەی پێشمەرگە و براكانیان لە پارچەكانی تری كوردستان لە خاكدا چەكەرەی كردووە بۆ بەھێزكردنەوەی داری ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان و ئەمەیشی بۆ ھەموو جیھان سەلماند، كورد شایەنی سەربەخۆییە، پێویستە ھەموومان یەكدەنگ و یەك ڕا بین و ھەست بە بەرپرسیارەتی بكەین با خوێنی شەھیدانمان چیتر بە فیرۆ نە چێت، وەك جۆن لە دواسەردانی سەرۆك (مەسعوود بارزانی)ـدا بۆ بەغدا، بە ئاشكرا باسی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان كراوە و لەگەڵ ئەمەریكادا رێك كەوتوون لەسەر نەكشانەوە لە ناوچە كوردستانییەكان، تازە بەتازە ھەنێك لایەن دەیانەوێ ئەو ناوچانەی بە قوربانیدان و بە خوێنی ۱۱ھەزار و ٥٠٠ پێشمەرگەی شەھید و بریندار ئازاد كراون، رادەستی بەغدا بكەنەوە، ئەمە شەرمەزاریە، ئەو ھەوڵانەی گۆڕان دژی خوێنی شەھیدانە و ناپاكییە لەگەڵ نەتەوە و نیشتماندا، ئەوە فەلسەفەی گۆڕانە دەیانەوێ بە خەڵكی رابگەیێنن كە ھەرێمی كوردستان یەكگرتوو نییە و دۆخی ھەرێم نائارامە. ئەوەی دوژمنانی كورد نەیانتوانی ئەنجامی بدەن، بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێ جێبەجێی بكات، بەڵام لە شەرمەزاری زیاتر ھیچی تر بەرھەم ناھێنن."
(ڕزگار گوڵە خانی) لە پارێزگای ھەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو خۆپێشاندانانەی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە دەكرێن، بە سیاسی كراون و خەڵك و مامۆستا بە لاڕێدا براون، ئەوەیش دژی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ھیچ مەبەست مووچە و ماف نییە، ئەوەی لەم دەڤەرە دەكرێ بە ناوی خۆپێشاندانەوە، تەنیا شەڕێكی سیاسییە و ھیچی تر نییە، بەڵام مامۆستایان كردووەتە ئامرازێك بۆ ئەم شەڕە و دەیانەوێت پڕۆسەی خوێندن پەك بخەن لەم سنوورەدا."
فایزە كۆیی




