سەرۆکهۆزەکانی نەینەوا: بۆ ئازادیمان پێشمهرگه خوێنی ڕشتووه؛ دەمانەوێ ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێم
_(1)__2016_11_19_h19m18s26__HK.jpg)
مووسڵ -KDP.info-لە راگەیاندراوێکیاندا، سەرۆکهۆزە عەربەکانی دەشتی نەینەوا پشتیوانییان بۆ گوتارەکەی (سەرۆک بارزانی) لە باشیک دەربڕی و، پشتگیریی مانەوەی هێزی پێشمەرگەش دەکەن لە ناوچەکەدا. دەشڵێن، خۆیان بە کوردستانی دەزانن و دەیانەوێ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شهممه، سەرۆکهۆزەکانی دەشتی نەینەوا لە رایگەیاندراوێکیاندا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان کەوتووە، ''پشتیوانیی خۆیان بۆ گوتارهكهی (سەرۆک بارزانی) لە باشیک دەربڕی و دووپاتیان کردەوە، پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بمێنێتەوە کە ئازادی کردوون، چونکە ئەو ناوچانە پێشووتر کێشەلەسەر بوونە، بەڵام ئێستا کە پێشمەرگە ئازادی کردوون کوردستانین، پێشمەرگە خوێنی بۆ ناوچەکە ڕشتووە و ئێمەیش رازی نابین جارێکی دیکە حکوومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە ناوچەکە.''
سەرۆکهۆزەکان لە راگەیاندراوەکەدا (ساڵح موتڵەگ)ـیان بە پشتیوانیکردن لە سیاسەتی (مالیکی) ناو برد و، هەرچیی لێدوانی (موتڵەگ)ە بە ئاراستەیەکیان زانی کە لایەنێکی دەرەکی لە پشتیەتی، بۆیە لیدوانهكهی پێوەست بە ناوچەکە بە هەموو شێوەیەک رەت دەکەنەوە.
سەرۆکهۆزەکان هاوكات وەفاداریی پێشمەرگە لە پارێزگاریکردن لە سەروماڵی عەرەبەکان لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوادا بەرز دەنرخێنن و دەڵێن ''(سەرۆک بارزانی) سەرکردە و سەرۆکمانە و ئێمەیش بەشێکین لە خەڵکی کوردستان، دژی هەر کەسێکیش دەوەستینەوە کە هەوڵی دروستکردنی فیتنە لە نێوان کورد و عەرەبدا بدات.''
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەیشدا، سەرۆکهۆزەکان جارێکی دیکە پەیامێکیان دایەوە بە (موتڵەگ) و پشتەوەی سیاسەتی ئەم کە مەبەستیان (مالیکی)یە و دەڵێن، ''ئەوانە مووسڵیان رادەستی داعش کردووە.''
دووپاتیان کردەوە، کە ئەوان لە پێشوودا زیاتر لە ١٠٠ هەزار واژۆیان کۆ کردبوویەوە تا ناوچەکانیان بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان، خۆیشیان بە پێشمەرگە دەزانن و هیچ جیاوازیەکیش لە ناوچەکەدا لە نێوان کورد و عەرەبدا نابینین.''
نهشوان بهرزنجى




