١٥%ی خەڵکی دهۆک، ناویان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا تۆمار کردووە
__2016_11_17_h15m51s56__HK.jpg)
دهۆک-KDP.info- بەرپرسی پێوەندییە جەماوەرییەكان لە ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆكدا رایگەیاند، لە ڕێگەی ١٤ بنكە و تیمی گەڕۆكدا پرۆسەی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دهۆكدا بەردەوامە و، تا ئێستایش زیاتر لە ١٥% هاووڵاتیان خۆیان تۆمار كردووە.
(سەگڤان حەسەن) بەرپرسی پێوەندییە جەماوەرییەكان لە ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پرۆسەی تۆماركردنی ئەلیكترۆنی بە شێوەیەكی گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆكدا بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوەدەچێ، ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە لە ڕێگای ١٤ بنكە لە سنووری دهۆكدا كە جێگیرن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی بایۆمەتری بە شارۆچكەكانیشەوە كە ئێستا پرۆسەكەیان لێ بەڕێوە دەچێ، هەروەها تیمی گەڕۆكیشمان هەیە بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویست بن بۆی بچین.
دەیشڵێ، دوای ساڵ و نیوێک، لە تۆماركردنی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دهۆكدا رێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥%، ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەكانی خۆمان بۆ باشتركردنی ڕێژەكە كە لەو ٣ مانگەدا رێژە بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە، لە داهاتوویشدا هەوڵدەدەین ئەو ڕێژەیە بەرز بكەینەوە.
ئاماژەیشی دا، بۆ زیاتر هاندانی هاووڵاتیان بۆ سەردانیكردنی بنكەكان و تۆماركردنی ناوی خۆیان پلانێك هەیە لەگەڵ زانكۆی دهۆك كە ئێمە تیمەكانی خۆمان لەوێ دابنێین تا ڕێژەكە بەرز بێتەوە، داوایشمان لە ئەوقاف كردووە كە لە ڕێگەی مینبەرەكاندا داوا بكەن هاووڵاتیان سەردانی ئەو بنكانە بكەن، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ دەزگاكانی رایگەیاندن كۆبووینەوە بۆ ئەوەی پێكەوە كارێكی هاوبەش بكەین بۆ هاندانی خەڵك، بۆیە كۆمەڵێك هەنگاومان ناوە بۆئەوەی ڕێژەكە زیاتری لێ بكەین، پێشبینی دەكەین ئەو ڕێژەیە لە داهاتوودا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە".
ڕابین شێروانی




