نێچیرڤان بارزانی: كه بۆیان چووه سهر با ڕاستهوخۆ مامهڵه لهگهڵ بهغدادا بكهن

ههولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە: "داواکاریی بۆ مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا داواکاریی هەموو خەڵکی سلێمانی نییە بەڵکو رایەکی کەمی نێو هێزێکی سیاسییە. گوتیشی: "ئەگەر هەر دەیانەوێت بەو شێوەیە راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەن، فەموون با بیکەن".
(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تهلهڤزیۆنی رووداو، سەبارەت بەوەی هەندێک حیزب و فراکسیۆنی کوردی لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکەن بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەندێک لە پارێزگاکان بکات وەکو سلێمانی، بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ دابین بکات، گوتی: "مومکینە هێزێکی سیاسی هەبێت بیەوێت ئەوە بکات، ئەگەر ئەو هێزە سیاسییە دەیەوێت ئەوە بکات ئێمە هیچ موشکیلەمان نییە با بیکەن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان هەیەتی لەدوای ساڵی 2003، لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی دوورودرێژی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئەم چوارچێوەیە بۆ هەرێمی کوردستان دروست کراوە، وەکو هەرێمێک لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، پێموایە زەحمەت دەبێت بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەک دانوستاندن بکات یان قسە بکات، تەسەوریش ناکەم ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت رەئی هەموو خەڵکی سلێمانی بێت، مومکینە هێزێکی سیاسی هەبێت بیەوێت ئەوە بکات، ئەگەر ئەو هێزە سیاسییە دەیەوێت ئەوە بکات ئێمە هیچ موشکیلەمان نییە با بیکەن".
بەگوتەی (نێچیرڤان بارزانی) "ئەمە بابەتێکی دەستوورییە، لە ڕووی دەستوورییەوە وەکو خستمەڕوو هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لەو چەند پارێزگایەی کە ئێستا هەیە، بۆیە روویەکی دەستووری و قانوونی هەیە، ئایا دەکرێت یان ناکرێت، مومکینە بابەتەکە قانوونی بێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەی کە ئێستا لە سلێمانی باس دەکرێت و داوا دەکرێت بەڕای ئێمە ئەوە رای هەموو خەڵکی سلێمانی و هەموو هێزێکی سیاسیش نییە، بەڵکو رایەکی کەمی نێو هێزێکی سیاسی بێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەمانکاتدا دەڵێت: "ئەگەر هەر دەیانەوێت بەو شێوەیە راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەن، فەموون با بیکەن".
سەبارەت بە دروستبوونی مەترسی بۆسەر دابەشبوونی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، چونکە رەنگە ئەمە رایەک بێت لەناو هێزێکی سیاسی، واتە هەموو هێزە سیاسییەکەش بەتەواوەتی تەئیدی ئەو بیروبۆچوونە ناکات، واشی بۆناچم هیچ کێشەیەک و زەرەرێکی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوە رای خۆیانەو ئەگەر بۆیان دەچێتە سەر با بفەرموون بیکەن".
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا پرسیارێکی دیکەی رووداو بوو کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدا گوتی: "لەدوای ئەو سەفەرەی من چووم بۆ بەغدا، دوای ئەوەش سەرۆکی هەرێم چوو بۆ بەغدا، دەتوانم بڵێم ئێمە لە قۆناخێکی باشداین لە پەیوەندی و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەموو کێشەکان چارەسەر بووە، بەڵام ئێمە دەتوانین بڵێین ئێستا ژینگەیەکی باش دروستبووە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و بەغدا".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە جەخت دەکەینەوە کە دەمانەوێت کێشەکان بەشێوەی دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت، ئەوەش هەر وەکو ئەولەویەتی ئێمە دەمێنێتەوە".




