سەرجەم بەرپرسە ئیدارییەکانی ھەولێر دەگۆڕدرێن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، پرۆسەی گۆڕینی بەرپرسە ئیدارییەکانی ھەولێر بەردەوام دەبێت تاوەکو ھەمووان دەگۆڕدرێن، بەم نزیکانەش گۆرانکاریی دیکە دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر (عەلی رەشید) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "پرۆسەی گۆڕینی بەرپرسە ئیدارییەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە و، بەردەوامیش دەبێت تاوەکو سەرجەم بەڕێوبەری دامودزگاکان دەگۆڕدرێن.''
وهك (عەلی رەشید) گوتی، بۆ گۆڕینی قایمقام یاخود بەڕێوبەری ناحیە یان بەڕێوبەری گشتی، پارێزگا بە نووسراو ئاگادارمان دەکاتەوە و ناوی کاندیدان رەوانە دەکرێت و ئهوانیش پەسەندی دەکەن، بەڵام بۆ بەڕێوبەری فەرمانگەکان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگا دهبێت بۆ ئهوهی ئەوانیش بێنە ناو ئەنجوومەنی پارێزگا و لەوێ دەنگیان لەسەر بدرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاشكرایشی كرد، بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری دیکە بکرێت لە ھەندێک پۆستی دیکەدا، بەتایبەت ئەوانەی بەوەکالەت بەڕێوە دەبردرێن وەکو بەڕێوبەری گشتیی پەروەردە و شارەوانییەکان و بەشێکی دیکەی بەڕێوبەران کە دەمێکە لە پۆستەکانیاندان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر جهختیشی كردهوه، ''گۆڕانکارییەکان جێگۆرێکێ نییە بە کاندیدان و کەسانی نوێ و خاوەن ئەزموون دێن، ههڵبهت ئەوانەی ئەزموونی باشیان ھەیە پۆستی باشتریان پێدەدرێت و ئەوانەیشی لە کارەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوونە کەسانی دیکە دەخرێنە شوێنەکانیانهوه، ئەوانەیشی نزیکەی20ساڵە لە پۆستی بەڕێوبەری گشتیدان، دهگۆڕدرێن یاخود پلەکانیان بەرز دهکرێتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




