٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئه‌ورووپاییه‌كان لایان سەیرە گۆڕان دژی نیشتیمان و حكوومەتی خۆیانن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (هیڤا حاجی میرخان) ئاشكرای دەكات، بزووتنەوەی گۆڕان، پیلان و مەبەستیان بۆ ناشیرینكردنی هەرێم و نەهێشتنی هەرێمە بەوەی کە داوا دەكەن سەروەریی هەرێمی کوردستان نەمێنێت و بەغدا بەگوێرەی یاسای پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی بکات.

(هیڤا حاجی میرخان) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاقمە نەیارەكەی دژ بە هەرێمی كوردستان(گۆڕان) پیلان و مەبەستیان بۆ ناشیرینكردنی هەرێم و نەهێشتنی هەرێمە كاتێك داوا دەكەن هەرێم پارێزگایەك بێت لە پارێزگاكانی عێراق. خۆ بەپێی یاسای بودجەی عێراق ئەگەر هەرێمی كوردستان وەكو پارێزگاكانی تری عێراق هەژمار بكرێت، لە بودجەدا تەنیا بڕی 607 هەزار مووچەخۆر بۆ هەرێم دیاری كراوە، بەڵام ئێمە ملیۆنێك و 400هەزار مووچەخۆرمان هەیە و ئەگەر گەڕاینەوە بۆ بەغدا مووچەی 800هەزار مووچەخۆرەكەی ترمان چی بەسەر دێت و كێ بیدات؟! لە وا دۆخێکیش دا چەندین توێژی مووچەخۆر لە هەرێم بێمووچە دەبن كە 800 هەزارن، كەوایە ریسەكەیان هەر خۆی خورییە. ئەگەر دەشپرسن بۆچی 600هەزار كەس لە بودجەدا مووچەخۆرن و كەچی یەك ملیۆن و 400هەزار مووچەخۆر هەیە لە هەرێم، هۆیەكەی ئەوەیە كاتی خۆی كە بودجە لە عێراقەوە دەهات بۆ هەرێم زیادی دەكرد، ئەگەر سەرف نەكرابا دەبوو بۆ بەغدای رەوانە بكەینەوە، بۆیە فەرمانبەران رێژەیان زیاد كراوە."

ئەو پەرلەمانتارە باوەڕی وایە ئەوانەی نیازیان نەهێشتنی هەرێمی كوردستانە، (نەوشیروان مستەفا) سەرپەرشتییان دەكات و دەشڵێ دوو سیناریۆیان هەبووە دژی هەرێم. 

(هێڤا میرخان) ڕوونی کردەوە، "یەكێكیان ئەم هەوڵەیانە كە دەیانەوێت هەرێم وەكو پارێزگاكانی تری عێراقی لێ بكرێتەوە. ئەوی تریشیان بەكارهێنانی بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم بوو بۆ تێكدانی رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتایشەوە بابەتەكەیان بۆ ئاقارێكی نالەبار برد و لە خۆیان و جەماوەریان رانەدیت بێنە مەیدان و سەرۆك لەناو میللەت هەڵبژێردرێت، كە سەر نەكەوتن لە پیلانەكانیان، ئیدی هانایان بۆ (مالیكی) و (فەتلاوی) برد كە تا سەرئێسقان دژ بە هەرێمی كوردستان و كوردن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات، پێشووتریش كە نوێنەری وڵاتانی بیانی بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی یاخود ئاوارەكان ڕوویان لە هەرێم دەكرد و لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبوونەوە، ئەوان(پەرلەمانتارانی گۆڕان) هەر لەسەر هێڵی دژایەتیكردن و ناشیرینكردنی هەرێم دەدوان. 

(هێڤا) دەگێڕیتەوە، "جارێكیان شاندێكی باڵا لە بەریتانیاوە هاتبوون و 20ملیۆن دۆلاریان هێنابوو تا بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستانی خەرجی بكەن، بەڵام ئەندامانی گرووپە دژبەرەكەی كورد لە پەرلەمان، لەبری ئەوەی لە خەمی ئاوارە خێرلەخۆنەدیوەكان بن، بەبێ بەڵگە كەوتنە تانەدان لە حكوومەت و چەندین بابەتی بێبەڵگەیان خستە ڕوو كە خۆیشیان هەر لەناو ئەم حكوومەتەدا بوون، سەرەنجام وایان كرد ئەم هاوكارییە بە هەرێمی كوردستان نەدرێت. ئەم بابەتەیش لە لیژنەی دارایی و مافی مرۆڤ رووی داوە."

ئاشكرایشی كرد: "چەندین جار ئێمە بە ئیفاد سەردانی پەرلەمانی وڵاتانمان كردووە، یان كە من خۆم سەردانی رافتۆم كردووە كە سازمانێكی هەرە بەرزی ئەورووپایە لە نەرویج و لە دوای سازمانی یوبێلە كە خەڵاتی مافی مرۆڤ دەبەخشێت، چەندین جار پرسیاری زۆر سەیرم ئاڕاستە كراوە و بۆم دەركەوتووە كە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراقی ئەم حزبە(گۆڕان)، زۆر بە تووندی كاریان لەسەر ناشیرینكردن و لەكەداركردنی هەرێمی كوردستان و حكوومەتەكەی كردووە، هەڵبەت بە بەڵگە و ژمارە و دۆكیومێنت  تۆمەتەكان و هەوڵەكانیانم بێبایەخ کردووە و ئەوانیش لایان سەیر بوو كە ئەمانە چۆن بەم شێوەیە دژی نیشتیمان و حكوومەتی خۆیان كاریان كردووە. كاتێكیش ئێمە لەو سەردانەدا 400هەزار دۆلار هاوكاریمان بۆ ئاوارەكانی سەرچیای شنگال هێنا، بوون بە شامی شەریف و بە حەماسەوە خۆیان بە رەنجدەری ئەم هاوكارییە دەزانی."

(هیڤا حاجی میرخان) دووپاتیشی كردەوە "دەبێ ئێمەی كورد بۆ بەدەوڵەتبوون و گەییشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكانمان شەڕ بكەین، نەك پیلان بۆ گەڕانەوە بۆ ئامێزی بەغدا دابنێن. هەرچەند لایەنگرانیشیان بەم كارەیان رازی نین و ئەوانە گرووپێكن بەم كار و پیلانانە هەڵساون بە سەرپەرشتیی (نەوشیروان مستەفا)، دەیانەوێت لەبری سەربەخۆییی هەرێم بەرەو پارێزگابوونی عێراقمان ببەنەوە."

 

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار