٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت لە دۆخی ئەمڕۆی كوردستان دەكۆڵێتەوە..لە هەوڵدادەبن تا کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارە بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردا کە کۆبوونەوەی بەردەوام هەبێ بۆ چارەی کێشەی دواکەوتنی مووچە و هەروەها لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستانیشیان کۆڵییەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩/٩/٢٠١٦ بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر دوایین سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عیراقی فیدرال و بەرپرسانی دیكەی عیراق، لەمبارەیەوە گوتی "لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەیەكی سەربازیی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدادا بۆ گفتوگۆكردنی هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و دۆزینەوەی میكانزمێكی گونجاو بۆ ئەو پرسە، ڕێككەوتین".

سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێرداوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت دۆسیەی نەوت و بودجە و مووچە، سەرۆكوەزیران ئاشكرای كرد كە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەم دۆسیانە و پەلەكردن لە چارەسەركردنیان، بۆ ئەو مەبەسەتەش هەدوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەش كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عیراق و كوردستاندا بێت، كردەوە".

دواتر ڕابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی بەوەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی پێدانی مووچەی مانگی تەممووزەوە و ئامادەكارەییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب خستە ڕوو، لەمبارەیەشەوە ڕایگەیاند كە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەوڵی ئەودان مووچەی مانگی ئاب ئامادە بكەن و دابەشی بكەن.

لەبارەی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتیشەوە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان هەبووە لە شەش مانگی ڕابردوودا و هیوای خواست بتوانن بۆ لەمەودوا ئەو كورتهێنانە پڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی مووچە لە كاتی دیاریكراودا دابەش بكرێت.

دواتر باسی لەو هەواڵانە كرد كە گوایە بەغدا داوای ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكەن وەك مەرجێك بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و گوتی: "ئەوەی بەغدا دەیڵێت لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە، چونكە بەغدا موچەی ملێۆنێک و ٤٠٠ هەزار مووچەخۆر دابین ناكات بۆ ئێمە، ئەوەی بەغدا دەیڵێت بەشی نیوەی مووچەكە ناكات تەنانەت بە سیستەمی پاشەكەوتیش، نەوەك تەواوی مووچە".

دواتر ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران به وه‌کاله‌ت ڕاپۆرتێكی دەربارەی پڕۆژەی وردبینیی سەربەخۆی بۆ داهات و خەرجیی سەرجەم پڕۆسەكانی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی نیودەوڵەتییەوە، خستە ڕوو. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە گرنگیی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە درا كە دەبێتە فاكتەرێكی دیكە بۆ زیاتر شەفافكردنی پڕۆسەی هەناردەكردن و داهاتی نەوت و لەلایەن هەردوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی (Deloitte) و (E&Y)ەوە كە تایبەتن بەو بوارە و له کاتێکی نزیکدا گرێبەستی كار لەگەڵیان ئیمزا دەكرێت، بە ئەنجام دەگەیەنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بەگشتی ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵە دەربڕی و ستایشی تیمی كاری لەو پرۆسەیەدا كرد.

دواتر  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی گرنگیی ئەم پڕۆسەیەوە قسەی كرد و پێشنیاری ئەنجامدانی دوو كۆبوونەوەی لەسەر ئەو بابەتە كرد، یەكێكیان لەگەڵ كوونسڵخانەكانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی كوردستان و دووەمیشیان لەگەڵ میدیاكاران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندندا بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بگەیەنرێتە هەموو لایەك و ئاگاداری ئامانجی پرۆسەكە بن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران پرسی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی خستە بەر باس و گفتوگۆ و ستایشی خەڵك و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە خۆڕاگربوون لە ئاست قەیرانەكان. ئەوەش ئاشكرا كرا كە هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوامیان هەبێت. لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە وەزیرە لایەنە بەشدارەكانی حكوومەت، جەختیان لە پشتگیریی لایەنەكانیان بۆ هەوڵەكانی حكوومەت لەپێناو چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكان كردەوە و ڕایانگەیاند كە بە هەموو شێوەیەك خۆیان و وەزارەتەكانیان پشتگیریی پلانەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان دەكەن، وەك ئەركێكیش هەموو هەوڵێكی خۆیان بۆ جێبەجێكردنیان دەخەنە گەڕ و لەمبارەیەوە چەندین سەرنج و تێبینیان خستە ڕوو.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی دەستپێکرنەوەی ساڵی نوێ خوێندنی لە گشت مامۆستا و قوتابیانی هەرێمی كوردستان کرد وستایشی ڕۆڵی مامۆستایانیان کرد لە هەوڵ و خۆڕاگرییان و گرنگی دانیان بە پڕۆسەی خوێندن. هەروەها سوپاسی خۆپیشاندەرانیان كرد كە بە هێمنی و مەدەنیانە داواكارییەكانی خۆیان گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار، هەروەك ستایشی لایەنە ئەمنیەكانیان كرد لە پاراستنی ئەمنییەتی خۆپیشاندانەكان.

هەواڵی پەیوەندیدار