هێزە سیاسییەکانی کوردستان: سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا سەرکەوتووە..ئەمەریکا و ئەورووپایش بۆ پاڵپشتی لەسەر هێڵن

هەولێر-KDP.info- هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێیان وایە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا سەرکەوتووانە بووە و هۆکارێکە بۆ چارەکرانی قەیرانەکانی هەولێر و بەغدا.
ئەمڕۆ ٢٩/٩/٢٠١٦، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێک سەردانی بەغدای کردووە؛ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەردوو لا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەکانی نێوانیان بە گفتووگۆ چارەسەر دەکەن، د. محەمەد ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەکە گرنگ بوو چونکە لەم کاتەدا هەرێمی کوردستان و بەغداش پێویستیان بەیەکترە؛ بە تایبەتی لەسەر پرسی قەیرانی دارایی و شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ؛ لەگەڵ ئەوەشدا پرسی گۆڕانی ناوچەکە و بابەتی ڕیفراندۆم باس کراوە، گوتی: "گرنگییەکی تری سەردانەکە ئەوەیە کە بە چاودێری ئەمەریکا و ئەورووپا دەبێت کە ئەم جارە هەدوو لا بەجددی لەسەر خەتن تا حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێک بکەون".
گوتیشی: "یەکێکی دیکە لە پرسە گرنگەکان بابەتی چۆنیەتی ڕێککەوتنی هەردوو لایە لەسەر شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ و بابەتی هەناردەی نەوت و ڕێککەوتنی هەدروو لا لەسەر ئەو پرسە بە جۆرێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی عەبادی و بارزانی ئەو گەشبینییە هەبوو کە لەسەر پرسی قەیرانی دارایی دەگەنە ڕێککەوتن چونکە ئەم ڕێککەوتن بۆ هەدروو لا گرنگە؛ عێراق پێویستی بە هەرێمی کوردستانە و هەرێمیش کوردستانیش دەتوانێت بەو ڕێککەوتنە چەند گرفتێکی لە کۆڵ ببێتەوە".
هاوکات، سەعدی ئەحمەد پیرە، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە بچڕانی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدادا هیچ لایەک سوودمەند نەبوو، هەردوو لامان زەرەرمەند بووین، بە تایبەتی ئێستا هەرێمی کوردستان، تاقەت و توانای خۆی هەیە و بەغداش تاقەت و توانای خۆی هەیە، بۆیە بە ڕێککەوتنی هەردوو لا، پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز دەبێتەوە."
بە بڕوای سەعدی ئەحمەد پیرە، دوای سەردانەکە، عێراق، دەبێتە ناوەندێکی ستراتیژی بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێریش دوای ئەم سەردانە، “گرنگە پەیوەندی خۆی بەهێز بکات لە ئاستی نێودەوڵەتی، جگە لەوەش گرفتی دارایی هەیە، دەتوانن پێکەوە چارەسەری بکەن”. ئەوەش ناشارێتەوە کە باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە “زۆر گرنگە”، چونکە شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە ئارادایە.
ئەوەشی خستە ڕوو، دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی بارزانی و عەبادی جۆرێک لە گەشبینی بە هەردوو لاوە دیارە بۆ چارەکردنی کێشەکان."
هەر لەم بارەوە، د. تارق گەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئامانجێکی سەردانەکەی هەرێمی کوردستان، ئایندەی ئەو گرێبەستەیە لەنێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هاتووە کە ئایا چەند دەتوانین بە شێوەیەکی دەستووری ئەم گرێبەستە ببەینە سەر، چەند دەتوانین دراوسێی باش و هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەڵ یەکتری”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “بەتایبەتی ئەمڕۆ چارەنووسی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لێواری چارەنووسدایە، ئازادکردنەوەی مووسڵ، هەروەها چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و تورکیا، لەهەمان کاتدا پرسی پەیوەندیی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی یاسایی لەو بارەوە."
تارق گەردی ئەوەی نەشاردەوە کە لەم سەردانەدا: “بە ئاشکرا باسی چارەنووسی هەرێمی کوردستان و ئایندەی کوردستان دەکرێت، پێشووتر لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، باسی پرسی ڕیفراندۆم کراوە، بەڵام ئەم جارە بە قووڵتر باس دەکرێت، لەوە دەچێت ئەم جارە هەموو سەرۆک حزبەکان بەشدارییان نەکردبێت، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، دانیشتنی دیکە دەبێت، بە بەشداریی حزبە کوردستانییەکانیش".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی بارزانی و عەبادی هەردوو لا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەبێت کێشەکان زووتر چارەسەر بکرێ؛ گەشبینیشن بە چارەکرانی کێشەکان."
کارزان سەباح هەورامی




