٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆمار: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-kdp.info-ڕاوێژکارێکی سەرکۆماری عێراق دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگە و ھەموو خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دڵیان بەو سەردانە خۆشە.

راوێژکاری سەرۆککۆماری عێرق (عەبدوڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی شاندێکی پایەبەزری ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگە لەم کاتەدا، لەبەر ئەوەی عێراق لە قەیرانی گەورەدایە؛ لەوانە شەڕی داعش و دارایی و کێشەی نێوان ھەرێم و بەغدا؛ بۆیە ھاتنی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ ئەو شاندە بەرزەدا بۆ بەغدا گرنگییەکی زۆری ھەیە؛ ھیچ نەبێ بۆ ساردکردنەوەی کێشەکانی نێوان ھەردوو لا و، جگە لەوەش ئەمە ئەوە دەگەینێت کە ھەردوو لا پابەندن بەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکەن."

ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق گوتیشی، لەو سەردانەدا باس لە چۆنیەتیی بەشداریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و ئیدارەکردنی ئەو پارێزگایە دوای ڕزگارکردن و، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و پرسی نەوت."

گوتیشی، ھاوکات لەو سەردانە باسی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان و ڕیفراندۆمیش دەکرێت؛ چونکە ھەرێم ھەمیشە باسی لەوە کردووە ھەر ھەنگاوێک بنێین بە گفتوگۆ دەبێت و من پێم باشە ئەو ھەنگاوە بنرێت.

عەلیاوەیی ڕاشیگەیاند: "ئێستا سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، دووقۆڵی کۆ بوونەتەوە؛ بڕیارە دوای نیوەڕۆ سەردانی سەرۆککۆمار بکەن و، سەرکۆمار پێشوازییان لێ دەکا؛ ئینجا گفتوگۆ لەگەڵ شاندی ھەرێم دەکرێت و پاشان سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سەرکۆماردا کۆ دەبێتەوە؛ تا ئەو تەوەرانەی لەگەڵ عەبادیدا کراونەتەوە، باسی لێوە بکەن."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار