٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمان و فەرماندە سەربازییەکان و حزبەکانیشدا کۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  شاندی باڵای هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە دەگاتە بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، ‌حکوومەت و کوتلە سیاسییەکان، سەرکردە باڵاکانی عێراق و حزب و ڕەوتە دیارەکاندا ساز دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیار وایە، ئەم پێشنیوەڕۆیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بگاتە بەغدا و، یەکەم دیداریشی لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراقدا دەبێت.

هەر ئەمڕۆ شاندە باڵاکەی هەرێمی کوردستان کە پێک‌هاتووە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەندامەتیی(کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، مەلابەختیار، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، حەمەی حاجی مەحموود، سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین، د. ڕۆژ نووری شاوێس، ئازاد بەرواری و فواد حوسێن)، کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، کوتلە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران، کەسایەتییە سیاسییە باڵاکانی عێراق، فەرماندە سەربازییەکان، ڕەوتی سەدر، ئەیاد عەللاوی و ساڵح موتلەگ، سەرکۆماری عێراق و سەید عەممار ئەلحەکیم و هاوپەیمانیی شیعەدا ساز دەدەن.

زانیارییەکان ئاماژە دەدەن کە، لە سەردانی شاندە باڵاکەی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەغدا، چوار تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت؛ شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ و پاشەڕۆژی مووسڵ لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە. مەلەفی نەوت و بودجە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا؛ هەروەها پاشەڕۆژی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا و پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق دەخرێنە بەر باسەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار