كۆسرەت رەسووڵ: ئەولەویەتی سەردانی شاندەكە بۆ بەغدا باسكردن دەبێ لە مافی چارەنووسین

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسووڵ راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ئەولەویەتی سەردانی شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان باسكردن دەبێ لە مافی چارەی خۆنووسینی خەڵكی كوردستان و رەخساندنی دەرفەت بۆ یەكڕیزی ناوماڵی كورد و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان".
دەقی راگەیێندراوەكەی نووسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسووڵ عەلی:
ئەمڕۆ بەڕێز كۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوبەشی وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكات، لەم سەردانەدا وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان گفتوگۆدەكا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداو باسكردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی نەخشەرێگایەكی گونجاو بۆ هێنانەدی ئامانج و خواستە سیاسییەكانی گەلی كورد، بەگوێرەی بەرژەوەندی و تێگەیشتنی هاوبەشی هەردوولا.
هەروەها ئەولەویەتی سەردانی شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان باسكردن دەبێ لە مافی چارەی خۆنووسینی خەڵكی كوردستان و رەخساندنی دەرفەت بۆ یەكڕیزی ناوماڵی كورد و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
نووسینگەی رۆژنامەوانی
كۆسرەت رەسول عەلی
29/9/2016




