ئیمێنکی: كوردستان پێویستی بە ئەزموون و شارەزاییەکەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی لە شاندێكی دەزگای هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان کرد و ڕایگەیاند كوردستان پێویستی بە شارەزایی و ئەزموونی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28/9/2016 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كورستان پێشوازی لە شاندێكی دەزگای "هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان" كرد، كە پێكهاتبوو لە لۆرد "جیریمی پیرفس" ئەندامی ئەنجومەنی ڕەسەنزادەکانی بەریتانیا و "تریفوور ڕینی" سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئایرلەندای باكوور و "عەدالە کورد" بەڕێوەبەری پرۆژەكانی دەزگاكە.
لە سەرەتای دیدارێكدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و بایەخدانی دەزگای "هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان" بە هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و دووپاتی كردەوە كە كوردستان پێویستیی بە شارەزایی و ئەزموونەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە و دەبێت لە ڕووی پراكتیكییەوە سوود لەو ئەزموونانە وەربگیرێت، هەروەها جەختی لەسەر گرینگیی پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و دەزگای "هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان" كرد بەتایبەتی لە بواری چۆنیەتیی دارشتنی یاساكان و بەشداریكردن لە خولەكانی هاوبەشی ڕاهێنان.
لورد "جیریمی پیرفس" سپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كرد بەرامبەر ئەو هاوكارییە بەردەوامەی لەگەڵ دەزگاكەیان و ئاماژە بە چەند پرۆگرامێك كرد كە لەبەر دەستیانە بۆ ئەنجامدانی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بەستنی وۆركشۆپێك دەربارەی ئەو پرۆگرامانە كە پەیوەستن بە كاری پەرلەمانی و ئەركەكانی ئەندامانی پەرلەمان.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر ڕەوشی سیاسی لە هەرێم و شەری دژی داعش و چۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ پێشوازیكردنی ئاوارەكان لە كاتی ڕزگاركردنی شاری مۆسڵ و ڕۆلی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەم بارەیەوە، هەروەها باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی ئابووری و كارتێكردنی قەیرانی دارایی لە سێكتەرەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان كرا.




