٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەكارهێنانی كیمیایی و چەكەی قەدەغەكراو دژ بە هێزی پێشمەرگە دەكرێتە كەیسێكی جیهانی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسانی مافی مرۆڤ هەوڵەكانیان لەسەر كەیسی بەكارهێنانی چەكە قەدەغەكراوەكان لەلایەن داعشەوە دژ بە هێزی پێشمەرگە خستۆتە گەڕو هەوڵدەدرێت لەداهاتوو دادگایێكی نێودەوڵەتی دروست بكرێت و یەكێك لە كەیسەكانی بەكارهێنانی ئەم چەكە قەدەغەكراوانەی داعش بێت دژ بە هێزی پێشمەرگە.

كرمانج عوسمان ڕاویژكاری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە چەندین ناوچە و بە چەندین شێواز چەكی قەدەغەكراو و كیمیاییان دژ بە هێزی پێشمەرگە بەكار هێناوە. لێرەدا ئەوە لەبەرچاو ناگیرێت كە چەند قوربانیی لێ كەوتووەتەوە، بەڵكو بەكارهێنانی ئەو چەكانە ئەگەر هەر زیانیشی نەبێت بۆ خۆی تاوانی نێودەوڵەتیە بە پشتبەستن بە ڕێكەوتنە جیهانییەكان."

ڕاویژكاری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "ماوەیەك لەمەوبەر داعشان كلۆریان بەرانبەر بەهێزی پێشمەرگە بەكار هێنا؛ ئەو دەم لە ئەڵمانیا بووم و ئەڵمانیەكان باسیان دەكرد و ئیدانەیان دەكرد. سێ ڕۆژ لەمەوبەر شاندێكی گەورەی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ كار لەسەر كەیسی چەكی قەدەغەكراو بكرێت كە لەلایەن داعشەوە بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگە بەكاری هاتووە. ئێمە وەكو لیژنەی باڵای مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ كۆ دەبینەوە و ئەم بابەتە دەخەینە بەر باس."

كرمانج عوسمان ئاشكرایشی كرد: "هەوڵ دەدەین دادگایێكی نێودەوڵەتی دروست بكرێت و یەكێك لە كەیسەكانی بەكارهێنانی ئەم چەكە قەدەغەكراوانە دژ بە هێزی پێشمەرگە، داعشە."

جەختیشی كردەوە: "ئەو تاوانانەی دژ بە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە لە لایەن داعشەوە سوودی زۆری دیپلۆماسی و سیاسیان دەبێت بۆ هەرێم، چونكە ئەم بابەتانە لە ڕووی یاساییەوە زۆر گرینگن و بۆ قەرەبووە نێودەوڵەتییەكان سوودی زۆریان بۆ هەرێم دەبێت."

د. ئەشواق جاف ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نووسراوی فەرمیم ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە بۆ ئەوەی زانیارییەکی تەواوم پێ بدەن لەسەر ئەو چەكە قەدەغەكراوانەی لەلایەن داعشەوە بەكار هێندراوە بە دیكیۆمێنتی قوربانی و شەهیدەكانەوە و ئەوانەشی پێویستیان بە چارەسەرە. نووسراوی فەرمیشم ئاراستەی كونسووڵخانەی ئەمەریكا و بەریتانیا لە عێراق كردووە بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو پێشمەرگانە بدەن كە قوربانی چەكە قەدەغەكراوەكانی داعشن، چونكە ئەو چەكە كیمیاییانەی داعش دژ بە هێزی پێشمەرگە بەكاری هێناون لە جیهاندا قەدەغەكراون و تاوانی جەنگییە."

د. ئەشواق جاف جەختیشی كردەوە: "ئێمە لە لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەران وەكو دیكۆمێنت ئەم بەڵگانە بەكار دەهێنین و لە ڕاپۆرتەكانماندا زەقی دەكەینەوە بۆ ئەوەی جیهانی لێ تێبگەیەنین."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار