لە کۆبوونەوەکەی سبەینێی حکوومەتدا مووچە و فرۆشتنی نەوت دەخرێتە بەر باس

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یێنێت سبه‌ى ته‌وه‌رى گرنگى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران باسی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران و بابه‌تى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان دەبێت.
(د. نوورى عوسمان) سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "كۆبوونەوەی سبه‌ى پێنجشەممەى ئەنجوومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان چەند تەوەرێك لەخۆ دەگرێت، له‌وانه باس لە مووچەی مانگی 7 و 8ـی مووچەخۆران و بڕیارى 73ـى پرۆسه‌ى فرۆشتنى نه‌وت و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت."
دکتۆر نووری عوسمان گوتیشى: ""پرسی دامەزراندن و نه‌خشه‌ڕێگاى وه‌زاره‌تى پلاندانان و په‌روه‌رده و كار و كاروبارى كۆمەڵایه‌تى له‌گه‌ڵ بانكى نێودەوڵەتی كه كرایه باسى لێوه ده‌كرێت."
لای خۆیەوە (محەمەد ھاودیانی) وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران تایبەتە بە دوازانیاریەکانی مووچەی مانگی تەمووز و ئامادەکاریی بۆ مووچەی مانگی ئاب و ھەروەھا باسی بەدەستهێنانی زانیاریەکانە لە ھەرێمی کوردستان و دواھەنگاوەکانی وردبینی و جێبەجێکردنی داھاتی نەوت و گاز لەلایەن کۆمپانیایەکی بیانی ".
گوتیشی، جگە لەوەش تاوتوێی دامەزراندنی ھەندێک توێژ دەکرێت لەوانە یەکەمەکانی زانکۆکان و دکتۆرەکان؛ ھاوکات باسی ئەو پڕۆژەیەش دەکرێت کە وەزارەتی ئێمە و پلاندانان کردوویانە چوارچێوەی ستراتیژی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان.
نه‌شوان به‌رزنجى-بڵند ئیبراهیم




