بیرمەندێکی تورک: کورد مافی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە

ههولێر-KDP.info- بیرمەند و نووسەرێکی ناسراوی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە کوردستان پێنج پارچەیە نەک چوار و مافی بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە.
پرۆفیسۆر (ئیسماعیل بێشکچی) بیرمەند و نووسەری ناسراوی تورک لە میانی وتارێکدا لە دیداری هزری نەتەوەییدا رایگەیاند، نەتەوە یەککگرتووەکان نایەوێ و ناتوانێ گوێ لە هاواری کوردان بگرێ.
(ئیسماعیل بێشکچی) پێیوایە، گەلی کوردستان مافی خۆیانە وەک هەر میللەتێکی دیکەی جیهان خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بن.
ئەو بیرمەندە باسی بەشێکی دیکەی کوردستانی کرد و گوتی، کوردستان دابەشی سەر پێنج پارچە کراوە نەک چوار، بەشێکی کوردستان لە ناوچەی قەفقاسە لە نێوان قەرەباغ و ئەرمینیا، کە لەسەردەمی دەسەڵاتداریی (سەڵاحەدین ئەییوبی)دا، سەرکردەی کوردی دەوڵەتی ئەییوبیی ئیسلامییەوە دواکوردستان بوو.
(بێشکچی) لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دووفاقیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و رایگەیاند، کە لە بڕیارێکدا لە ساڵی 1960 مافی چارەنووسی بە هەموو میللەتە ژێردەستەکان دا، بەڵام میللەتە ژێردەستەکانی لەیەک جیا کردنەوە، بەوەی ئەو میللەتەی لەلایەن گەلێکی دراوسێوە داگیر کرابێ، ئەو مافەی نییە، بەمەش گەلی کوردی لەو مافە بێبەش کرد.
ئەو بیرمەندە تورکە ئاماژەی بە دڕندەیی چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان، ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا کرد و رایگەیاند، کە لەو کاتەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا دەیان وڵاتی جیهانیان داگیر کردبوو، هەرگیز گازی ژەهراوییان بەکار نەهێنا، بەڵام داگیرکەرانی عێراق ئەو گازەیان لە چەندین ناوچەی کوردستان بەکار هێناوە.
(ئیسماعیل بێشکچی)ی تورک، دۆستێکی دێرینی گەلی کوردە و چەندین ساڵ بەهۆی بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد، لە تورکیا زیندانی کراوە.
دوێنێ سێشەممە 27ـی ئەیلوولی 2016، دیداری هزری نەتەوەیی بە ناونیشانی ''خامە بەتنۆکی خوێن دەنووسێ سەربەخۆیی''، له سهر چیای كوڕهك دەستی بە کارەکانی کرد كه تێیدا 35 پانێل پێشکەش دەکرێن.
دیدارەکە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا 235 کەسایەتیی رۆشنبیر و سیاسەتمەداری هەر چوار پارچەی کوردستان و چەندین کەسایەتیی بیانیی دۆستی گەلی کورد، بەشداریی دەکەن.
سهرچاوه-باس




