وانكێ.. بۆ خوێندنی کوردی، داوای هاوکاریی لە دهۆک کردووە

وانكێ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارەدێی وانكێ ڕایدەگەیێنێت، لە سایەی دەست و بازووی هێزی پێشمەرگەوە، شارەدێی وانكێ بە رەوشێكی ئارامدا تێپەڕ دەبێت و 8001 خێزان بۆی گەڕاونەتەوە، ئەمساڵیش بڕیارە خوێندن لە قوتابخانەكاندا بە زمانی كوردی بێت.
(شێخ یووسف سالم كیكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ خوێندنی ئەمساڵ داوامان كردووە بە زمانی كوردی بێت و ئەمەیش داواكاریی هەموومانە، بۆ ئەم مەبەستەیش داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆك كردووە تا هاوكارمان بن لە رووی قوتابخانەكان و كەلوپەلەكان و پەرتووك و پێویستییشمان بە هاوكاریی هەرێمە تا ئەم پڕۆژە نوێیە لە ناوچەكەماندا سەركەوتوو بێت".
(كیكی) گوتیشی: "وەكو ئەنجوومەن بە هەموو شێوەیەك هاوكار دەبین بۆ خەڵكی خۆمان و داوای هەموو كەلوپەلی پێویست بۆ قوتابخانەكانمان دەكەین".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەدێی وانكێ ئاماژەی بەوەیش كرد: "خەڵكی وانكێ زۆرینە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و موڵكی خۆیان كە 1800 خێزان دەبن تەنیا لە سەنتەری شارەدێی وانكێ جگە لە گوندەكان".
شارەدێی وانكێ دەكەوێتە باكووری شاری مووسڵ و لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە لە 6ـی شوباتی 2015 لە تیرۆریستانی داعش پاك كرایەوە و ئێستاش لە سایەی هێزەكانی پێشمەرگە ڕەوشی شارەدێیەكە ئارامە و خەڵكی ژیانی رۆژانەی خۆیان بە ئارامی بەڕێ دەكەن.
نەشوان بەرزنجی




