٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاریی ئەو پارەیەی بەغدا هێشتا نەیداوە بە هەولێر.. دەبێت مالیكی لەسەر ئەم كەیسە دادگایی بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (هیڤا حاجی میرخان)، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە سەرجەم ئەو شاییستە داراییانە دەكات كە لەلایەن بەغداوە نەدراوە بە هەرێمی كوردستان. ئەو دەڵێت، بەداخەوە لە كوردستان هەندێك لە ئەندامانی حزبەكان و پەرلەمانتاران پێشوازی لێ دەكەن، لە كاتێكدا دەبوو ئاڕاستەی خۆپێشاندانی سلێمانی ڕوو لە (مالیكی) بووایە.

پارەیەكی زۆر نەدراوە بە هەرێمی كوردستان

لەبارەی ئەو شاییستە داراییانەی كە بەغدا بە هەرێمی كوردستانی نەداوە، (هیڤا حاجی) دەڵێت: "بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان، دەبووایە لە ساڵانی (٢٠٠٤ تا ٢٠١٦)واتە (١٣) ساڵ رێژەی (٪١٧)ـی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ بهاتایە، بەڵام لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٣ دەبوو لە (٪١٧)هاتبایە، ئەویش بەشێوەی پچڕپچڕ، لە كاتێكدا لەكۆی گشتی بوجەی ساڵانە لە (٢٠٠٤ تا ٢٠١٣ )، كە هەرێمی كوردستان وەری گرتووە، بریتی بووە، لە (٪١١)واتە لە (٪٦)ـی پارەی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە، هاوكات (نەفەقاتی حاكمە) زیاتر لە (٥)ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لە كۆی گشتی لە ساڵانی (٢٠٠٥ تا ٢٠١٣)نەهاتووە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە ساڵانی (٢٠٠٧تا ٢٠١٦) شاییستە داراییەكانی پێشمەرگە زیاتر لە (١٣)، (ترلیۆن دینار) نەهاتووە، بوودجەی ساڵی ٢٠١٤ تەنیا بڕی (٢،٢٨٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠)، (دوو ترلیۆن و دووسەد و هەشتا ملیار) دینار هاتووە واتە نزیكەی (١٠ ترلیۆن)دینار نەهاتووە. هاوكات بوودجەی ساڵی ٢٠١٥ تەنیا بڕی (٢،٤٧٦،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) ، (دوو ترلیۆن و چوارسەدو حەفتاو شەش) ملیار دینار هاتووە، واتە نزیكەی (١٠ ترلیۆن) دینار نەهاتووە، ئەمە لە كاتێكدایە بوودجەی ساڵی (٢٠١٦)نەهاتووە كە بریتییە لە زیاتر لە (١٠)(ترلیۆن) دینار، كە كۆی گشتی ئەو پارەی بەغدا لە ٢٠٠٤ـەوە تا ٢٠١٦ نەیداوە بە هەرێمی كوردستان، نزیكەی (٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠)،(پەنجا ترلیۆن) دینارە.

پشكی كوردستان بڕاوە
    
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەیش دەخاتە ڕوو، دەبوو ئەو میزانییەی لە بەغداوە بهاتایە (٪١٧) بووایە، بەڵام ئەمە نەهاتووە، بە شێوەیەكی گشتیش كۆی ئەو بوودجانەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان، هاتوون (٪١١) بووە كە ئەمە رێژەیەكی یەكجار كەمە و شاییستە داراییەكان هەرێمی كوردستان نییە، لە هەمان كاتدا ئەو بوودجەیەی بۆ كوردستان هاتووە بەسەر دوو ستووندا دابەش بووە، ئەوانیش (نەفەقاتی حاكمە و نەفەقاتی سیادی)، كە ئەو پارە سیادیانەیە بریتی بوون لە (پارەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی مافی مرۆڤ و دروستكردنی سەدو بەنداو و دانەوەی قەرزی وڵاتان و، هتد..)، واتە لە ٢٠٠٤ لە دوو فەقەرەوە هەتا ٢٠١٦ بووەتە (٥٦) فەقەرە لەناو بوودجەدا كە ئەوەی پارەی نەفەقاتی سیادی ببڕێت بۆ ئەوەی (٪١٧)ـی كوردستان كەم بكرێتەوە، ئەمەیش  لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق ئەو پارانە گل دەداتەوە و پێیمان دەڵێت بە شێوەی قەرز بۆتان دەنێرم، بەڵام تائێستا ئەم پارانە بۆ ئێمە نەهاتووە، لە كاتێكدا لە بەغداوە بوودجە بۆ هێڵی شەمەندەفەر و بەنداو دانراوە، بەڵام پارەكەی بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتووە كە ئەو پارەیە لە چوارچێوەی ئەو ٪٦ـەدایە كە بەغدا نایدات، بە هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە ئەوەی پێی دەگوترێت (٪١٧) بووە بە (٪١١)، نەفەقاتی حاكمەیش (وەك پارەی حەج و عومرە و گەنج و جۆر و تەندوستی) كە چەند بڕگەیەك دەبێت، بەغدایش لەوە پارەمان لێ دەبڕێت، لە كاتێكدا لە (٢٠٠٥ تا ٢٠١٣) دەبوو بەغدا ( ١٣ ترلیۆن) دیناری بناردایە، بەڵام بەغدا (٧ ترلیۆن دینار) ناردووە (٥) (ترلیۆن و سەدو یانزە ملیار) دینار بۆمان نەهاتووە ئەگەر ئەمە لێك بدرێتەوە (١٠ترلیۆن) دینار دەكات كە بوودجەی هەرێم تا (٢٠١٣) نزیكەی (١٣ ترلیۆن و دووسەد و كەسرێك ملیار) بووە.
لە كاتێكدا بوودجەی پێشمەرگە لە (٢٠٠٧ تا ٢٠١٦) نزیكەی (١٣) (ترلیۆنك و كەسرێك) پارەی هێزی پێشمەرگە بووە، كەچی بەغدا نەیناردووە.

داوای پارەی خۆمان دەكەین

(هیڤا حاجی) دەشڵێت: "لە هەمان كاتدا دەگوترێت بوودجەی ٢٠١٤ عێراق پەسەند نەكراوە، بەڵام بەپێی دەستوور هەر ساڵێك بوودجە پەسەند نەكرا، ئەوا دەتوانن بوودجەی ساڵی رابردوو بكەنە پێوەر بۆ ساڵی داهاتوو، بۆیە ئەگەر لەسەر ئەو پێوەرە بووایە، دەبوو بوودجەی هەر مانگێكی (٢٠١٤)ـی ئێمە نزیكەی  (ترلیۆنێك و دووسەد ملیار) دینارمان وەرگرتایە، بەڵام ئەوەیشمان پێ نەدراوە لە كۆی گشتی پارەكان (دوو ترلیۆن و دووسەد و هەشتا ملیار) دینارمان وەرگرتووە كە (١١ترلیۆن) دینار مان لێ بڕاوە، لە كاتێكدا لە بوودجەی (٢٠١٥) كە بوودجەی هاتووە، (دوو ترلیۆن چوارسەدو حەفتاو شەش ملیار) دینار هاتووە لە كۆی گشتیی زیاتر لە (١٢) ترلیۆن دینار. لە بوودجەی ٢٠١٦ هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتووە و دەبوو بەپێی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا ئێمە نەوتمان راستی بەغدا بكردبایە ئەوانیش پارەیان بە هەرێمی كوردستان بدایە، چونكە تا (٣١\٦\٢٠١٦) نەوتمان فرۆشتووە و داومانەتەوە كۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام هیچ پارەیەكمان بۆ نەهاتووە، جگە لەوەیش (٤٠٠ ملیۆن) دۆلار كە نیوو مووچەی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ یەك مانگ بوو كە ئەگەر هەرێمی كوردستان ڕۆژی (یەك ملیۆن) بەرمیل نەوتیش رادەستی بەغدا بكات هەر ئەو پارەیە دەنێرن".

قوتی خەڵكی ئێمە بڕاوە و پارەی زۆرمان لای بەغدا

ئەو ئەندامی  پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەیش دەكات:  "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی (٨٢٠ ملیار) دینار بوو ئەگەر دابەشی (٥٠ ملیار) دینار بكرێت، ئەوا پارەی (٦١) مانگی لێ دەردەچێت، خۆ ئەگەر ئەوەیش دابەشی (١٢) بكرێت حكوومەتی عێراق پارەی ٥ ساڵمان قەرزدارە. لە كاتێكدا بەغدا جگە لەو پارانە بوودجەی (زیادە)ـی نەناردووە كە بریتییە لە دانانی بوودجە بەپێی داهاتی ئەو ساڵە، بەڵام لە (٢٠١٠) تا (٢٠١٤) داهاتی نەوت لە عێراق زیادی كرد، جگە لەوە هێڵەكانی نەوت زیادی كرد و نرخی نەوت زیادی كردووە و زیاتر لە (١٠٠) ترلیۆن دینار بوودجەی ساڵێكی هەموو عێراق بووە، كە لەم رێژەیە ٪١٧ـی هیی كوردستان بووە، دەپرسین ئەم پارەیە چی لێهاتووە، وەڵامەكەی ڕوونە، (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دەرەوەی بوودجەی عێراق خەرجی كردووە كەسیش ناتوانێت دەستی بۆ ببات كە پرۆژەیەكی گەندەڵیی گەورەیە و دەبێت (مالیكی) لەسەر ئەم كەیسە دادگایی بكرێت، كە زۆر بەداخەوە لە كوردستان هەندێك لە ئەندامانی حزبەكان و پەرلەمانتاران پێشوازی لێ دەكەن، لە كاتێكدا دەبوو ئاڕاستەی خۆپێشاندانی سلێمانی ڕوو لە (مالیكی) بووایە، هاوكات بوودجەیەكی دیكە هەیە ئەویش پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكانە كە دەبوو لە ٢٠١٤ بۆ دهۆك و سلێمانی و هەولێر بهاتایە، بەڵام ئەوە نەهاتووە، جگە لەوەیش خەرجیی پڕۆژەكانی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە دەبوو عێراق ئەو پرۆژانە دروست بكات، بەڵام نەیكردووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر حسابی خۆی جێبەجێی كردووە بە تایبەتی پڕۆژەكان لە خانەقین تا شنگال، هاوكات بوودجەی داهاتی سنوورەكان و داهاتی ئەتبائی (حوسێنیە) و (عەباسییە) كە لە كەربەلا و نەجەف بەدەست دێت كە بوودجە و داهاتێكی زۆر بوو و كەس نازانێت داهاتی چۆنە، چۆن خەرج دەكرێت، نەیشگەڕاوەتەوە بۆ میزانییەی عێراق، لە كوردستانیش دەیانگوت پارەی داهاتی دەروازەكانمان بۆ نەگەڕاوەتەوە".

پارەی یەدەگی عێراق دەرهاتووە

(هیڤا حاجی) ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە پارەی یەدەگی عێراق لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دەرهاتووە، بە جۆرێك لە (٩٠) ملیار دۆلاری یەدەگ، ئێستا لە ٢٠١٦ نزیكەی ٥٠ملیار دۆلاری ماوەتەوە، كە  ٪١٧ـی ئەم پارەیە دەبوو بۆ هەرێمی كوردستان بووایە، بەڵام هیچی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە و مووچەی كارمەندانی خۆیان پێ دابین كردووە و تا ٥٠ ترلیۆن دینار لە بوودجەی هەریم بڕدراوە و كورتهینانی بوودجەی عێراقی پێ پڕ كراوەتەوە، بۆیە حاڵی مووچەخۆرانی هەرێمی كورستان بەم رۆژە گەییشتووە".

 

کارزان سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار