کەسانی دیاری ئێزدیان لە شەرەفەدین کۆ بوونەتەوە.. "ناهێڵین چیای شنگال ببێ بە قەندیلێکی دیکە"

شنگال-KDP.info- پیاوانی ئایین و کەسانی دیاری کوردانی ئێزدی، لە شەرەفەددین کۆ بوونەتەوە و داوا دەکەن، ئەو چەکدارانەی خۆیان خزاندووەتە چیای شنگالەوە، چۆڵی بکەن، چونکە وەک ئەوان دەڵێن، داگیرکاریی عوسمانی و دیکتاتۆرەکانیان قەبووڵ نەکردووە، تا لە هێزێکی قەبووڵ بکەن کە دەیەوێ چیاکە بکا بە قەندیلێکی دیکە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شەرەفەددین مەزاری ئێزدیان، ئەنجوومەنی ڕۆحانی و کەسایەتییە دیارەکانی ئێزدیان، کۆ بوونەوە و، دۆخی ناوچەکانیان و ئازادکردنی ئەو گوندانەی هێشتا بە داگیرکراوی ماونەتەوە و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، هاوکات داواکردن لەو هێزە چەکدارانەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە چیای شنگال جێگیر بوون و نزیکن لە پەکەکەوە، تا چۆڵی بکەن، خستە بەر باسەوە.
قایمقامی شنگال و کەسایەتییەکانی ئێزدیان و فەرماندەکانیشیان بە ئاشکرا داوایان کرد، ئەو هێزانە چیای سنگال چۆڵ بکەن، چونکە ئەو چیایە بە لای ئەوانەوە هێمای مەزلومیەت و جینۆساید و بەرخودانی ئێزدیانە بەرانبەر بە دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی کە داعشە. ئەوان هەروەها رایانگەیاند کە، چیای شنگال بۆ ئێزدیان پیرۆزیی خۆی هەیە و بە هیچ شێوەیەک ڕی نادەن بکرێ بە قەندیلێکی دیکە.
قایمقامی شنگال پێوەست بە پرسی خۆخزاندنە چیای شنگالەوە کە مەبەست لێی چەکدارانی سەربە پەکەکەیە، وەبیری هێنایەوە کە، ئێزدییەکان لە هێزە داگیرکرەکانیان قەبووڵ نەکردووە خاکی ئەوان داگیر بکات، جا چ عوسمانییەکان و چی ڕژێم دیکتاتۆرەکانی عێراق، چ ئەو ٧٤ فەرمانەی بەرانبەریان ئەنجام دراوە، ئیرادەیان لێ بستێنێتەوە، ئەوا ئێستایش لەو هێزە قەبووڵ ناکەن؛ ناشیانەوێ بیکەن بە قەندیلێکی دیکە.




