وەزارەتى پەروەردە: مامۆستایان رێگەیان نەدا هیچ دەستێکى مەبەستدار تێکەڵ بە داخەوازییە رەواکانیان بێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: "دواخستنى دەستپێکى دەوام بۆ رێکەوتى (1-10-2016)ى زایینى، لەسەر داواى ژمارەیەک لە بەرپرسانى کارگێڕى و پەروەردەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى بووە، چونکە نەدەکرا ئەمڕۆ خۆپێشاندان و دەستپێکى دەوامی فەرمى خوێندن پێکەوە ئەنجام بدرێن و ئەم بڕیارەش بۆ پاراستنى بەرژەوەندى گشتى دراوە".
لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی سێشەممە 27-9-2016 بڵاوکرایەوە، وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە سنووری سلێمانی کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو رایدەگەیێنێت: " بە پێویستى دەزانین سوپاسى هەڵوێستى بەرزى مامۆستایانى بەڕێز بکەین کە وەک مافێکى سرووشتى خۆیان و لەگەڵ چین و توێژەکانى دیکە و بەشێوەیەکى شارستانى و بۆ داواکردنى مافەکانیان، بەشدارى خۆپیشاندانەکانیان کرد و رێگەیان نەدا هیچ هەڵوێستێکى سیاسى و دەستێکى مەبەستدار تێکەڵ بە داخەوازییە رەواکانیان بێت".




