٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەدهەم بارزانی: داوا لە حكوومەت دەكەین بە هەموو توانایەکەوە داواكاریەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  ئەدهەم بارزانی دەڵێ، خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆی سلێمانی بە شێوەیەكی یاسایی و بەبێ كێشە كۆتایی هات، دەست خۆشی لە تەواوی هێزە ئەمنییەكان و بەرپرسان و خەڵكی شاری سلێمانی دەكەم و ئەم ئاستە بەرزە ڕۆشنبیریەی ئەوان بەرز دەنرخێنم كە هۆشیارانە داواكارییەكانی خۆیان گەیاند. داواش لە حكوومەت دەكەم بەپیر داواكاریەكانی خەڵك بێ و، بە هەموو توانا جێبەجێیان بكات.

(ئەدهەم بارزانی) سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆی شاری سلێمانی بەشێوەیەكی یاسایی و بەبێ كێشە لەو كاتەی كە بۆی دیاری كرابوو دەستی پێكرد و  كۆتایی هات، بە ناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەم سنورە دەستخۆشی لە خەڵكی سلێمانی دەكەم و ئەم ئاستە بەرزە ڕۆشنبیرییەی ئەوان بەرز دەنرخێنم كە بەشێوەیەكی زۆر جوان و هۆشیارانە داواكاریەكانی خۆیانیان گەیاند. داواش لە حكومەت دەكەم بە پیر داواكاریەكانی خەڵكەوە بێ و بە هەموو توانایەکەوە جێبەجێیان بكات."

(ئەدهەم بارزانی) ڕایشیگەیاند: "سپاسی تەواوی هێزە ئەمنییەكان دەكەین لە شاری سلێمانی و تەواوی ناوچەكانی تری كە خۆپێشاندانی تێدا ئەنجام درا بەوەی كە توانییان بە ڕۆحیەتێكی جوان و برایانە چاودێری بارودۆخەكە بكەن، نەهێڵن هیچ شتێكی خراپ و نەخوازراو ڕوو بدات. سپاسی تەواوی بەرپرسان و دەستەندەركارانی ئەم سنوورەش دەكەم كە هاوڕا بوون لەگەڵ بۆچوونەكانی جەماوەر."

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەیشی دا: "بەپێی تاقیكردنەوەكانی ساڵانی ڕابردوو ئەم چەند ڕۆژەی دوایی جۆرە نیگەرانیەكمان هەبوو.  نیگەرانیەكان لە خواست و ویست و داواكاریەكانی خەڵك نەبوو، بەڵكو نیگەرانیەكانمان لەوەوە بوو كە دەست بخرێتە نێو خۆپێشاندانەكان و بەلاڕێدا ببرێت. بەڵام سپاس بۆ خودای گەورە هیچ لایەنێك نەیتوانی و بواری پێ نەدرا ڕیرەوی خۆپێشاندەنەكان بگۆڕێت و بەرەو ئاقارێكی نەخوازراودا بیبات."

(ئەدهەم بارزانی) جەختیشی كردەوە: "لەگەڵ هەر خۆپێشاندانێكداین كە تەعبیر لە خواست و ویست و داواكاری و بۆچوونەكانی جەماوەری كوردستان بكات لە هەر كوێیەكی ئەم كوردستانە دا، دامەزراندنی پارتیش هەر لەم پێناوەدا بووە تا خزمەتی خەڵك بكات و بەراوردی داخوازییەكانی خەڵك بكات."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار