٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی مافی مرۆڤ: منداڵی زۆریان هێنابوو بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا باس لەوە دەکات کە لە خۆپیشاندانەکان ژمارەیەکی زۆری منداڵ بەکار ھێندراون، کە ئەمە دژی یاسایە و پێویستە منداڵان دوور بخرێنەوە.

لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی خەڵک  سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێک بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، دیارە ئەمڕۆ لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەڕێوە دەچێت، ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێرای ئەوەی پشتیوانی لە ماف و داواکارییەکانی ھاووڵاتیان و مووچە خۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکەین و پێمان وایە خۆپیشاندان و گردبونەوە سەرەڕای ئەوەی مافێکی یاسایی و دەستوورییە لەگەڵ ئەوەش رێگەیەکە بۆ پێشکەشکردنی داواکاریەکان و ناڕەزاییەکان بە شێوازی مەدەنیانە.

ھەر لە پەیامەکەدا ھاتووە، ئێمە وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ و پێشتریش پەیامی خۆمان بڵاو کردەوە و لەسەر نارازەییەکانی خەڵک سەبارەت بە مووچە و داکۆکیمان لەو مافە کردووە و پشتیوانی ھەمو کارێکی مەدەنی و یاساییمان کردوە لەو پێناوەدا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە نزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانەکانمان کردووە لەو چەند خاڵە دەخەینە ڕوو :

١_ بەداخەوە ژمارەیەکی زۆری منداڵ دەبینرێت و بەشدارن لە خۆپیشاندانەکان کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای پاراستنی مافەکانی منداڵان و رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافی منداڵانە بۆیە پێویستە منداڵان دوور بخرێنەوەو کەس و کاریان بە ھەستیاریەوە چاودێری منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی ھیچ ڕوودواێک و دەزگا ئەمنیەکانیش ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران بەگشتی و منداڵان لە ئەستۆ بگرن.

٢_ ھیوادارین دەزگا ئەمنییەکان دوور بن لە ھەر توندوتیژی و رووبەڕووبونەوەک بەرانبەر خۆپیشاندەران و زیاتر ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ بگرن و رێگە بە ئاژاوە و ھەوڵی تێکدەرانە نەدەن.

٣_ داوا لە ھاوڵاتیانی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستان و خۆپیشاندەران دەکەین لەڕێگەی شیوازی مەدەنی و شارستانی داوای مافەکانی خۆیان بکەن و ھیچ کارێک نەکەن کە ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببرێت و ڕێگەش بە ھیچ ھەوڵ و کەسێک نەدەن کە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە بێت و خۆیان بەدوور بخەن لە ھەڵکوتانە سەر دامودەزگا فەرمییەکان و لایەنە سیاسییەکان چونکە مڵکی گشتین.

٤_ داواکارین دەزگا ئەمنییەکان پارێزگاری لە ڕۆژنامەنوسان بکەن و لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و خۆیان بەدوور بخەن لە دەستگیرکردن و ھێرشکردنەسەر ڕۆژنامەنووسان.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار