بەشارەتی: خەڵكی به پەیامی ئاشتییهوه پابەند بوون.. خۆپیشاندانی ههڵهبجه كۆتایی هات

هەڵەبجە- KDP.info- خۆپیشاندانی پارێزگای هەڵەبجە كۆتایی هات و بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستانیش رایدەگەیێنێت، پایتەختی ئاشتی، بە ئاشتی پارێزراوە، ئەو پەیامەی ئاشتی كە بە خەڵك دراوە، هەموو خەڵك پێوەی پابەند بوون.
(فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "بە هۆی ئەو ئامادەسازییەی كە كردوومانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسی و دەزگا ئەمنییەكان، دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەكی باش پابەند بوون بە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە تا ئەم كاتەی كە من دەیڵێم و هیوادارم لە داهاتوویشدا هەر وا بین و پابەندی بڕیارەكانی خۆمان بین".
(بەشارەتی) ئاماژەیشی دا: "لە زۆربەی ئەو شار و شارۆچكانەی سنووری لقی 12ـن، خۆپیشاندان كراوە و گردبوونەوەی زۆری لێ ئەنجام درا، بۆ نموونە لە سەنتەری هەڵەبجە و خورماڵ و سەیدسادق و سیروان و هەڵەبجەی تازە و زەڕایەن و پێنجوێن، بەڵام بە هێمنانە و زۆر لە سەرخۆ و بە گوتاری مامۆستایانی ئایینی و چالاكوانان و مامۆستایانی قوتابخانەكان كۆتاییان پێ هاتووە بۆیە ئێمەیش پشتیوانیی داواكانیان دەكەین دەستخۆشیش لە هەڵوێستیان دەكەین، چونكە ئەو بەڵێنەی كە درا هیچ لایەنێك ئامادە نەبوو كە توندوتیژی دروست ببێت".
بەرپرسی لقی 12 زیاتر ڕوونی كردەوە: "دەتوانم بڵێم سیمایەك و نموونەیەكی جوان نیشان درا بە تایبەتی لەم شار و شارۆچكانە و بە تایبەتیتریش لە سەنتەری شاری هەڵەبجەی شەهید كە خۆم باسی دەكەم، ساڵی ڕابردوویش لە هەڵەبجەی شەهید هیچ جۆرە توندوتیژییەك نەبوو و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە دووبارە كرایەوە كە بە ڕاستی پایتەختی ئاشتی، بە ئاشتی پارێزراوە ئەو پەیامەی ئاشتییش كە بە خەڵك دراوە، هەموو خەڵك پێوەی پابەند بوون".
نەشوان بەرزنجی




