٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: هەر كەسێك كێشە بۆ پارتی دروست بكات، وەڵامی دەدەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، چوار لایەنی بەشدار لە حكوومەت لە رێگەی راگەیاندنەكانیانەوە كەوتوونەتە چەواشەكردنی خەڵك و، هاووڵاتیان دژی پارتی هان دەدەن، لەبارەی مەترسیی سەر بارەگاكانی پارتییش دەڵێ: "ئێمە لە بارەگاكانی خۆمان لە ئامادەشیداین و هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێ كێشەمان بۆ دروست بكات، وەڵامی دەدەینەوە".

(دیاری حوسێن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەو حزبانەی بەشدارن لە حكوومەت راگەیاندنەكانیان كەوتوونەتە چەواشەكردنی خەڵك و لەوەتەی قەیرانی دارایی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتووە، راگەیاندنی چوار حزبەكە هەڵمەتێكیان بۆ پڕكردنی مێشكی هاووڵاتیان دەست پێ كردووە و لە خۆپێشاندانیش هەر ئەوانن گوتار بۆ خۆپێشاندەران دەخوێنن و دیارن سەر بە چ لایەنێكن، بەڵام دەكرێ بڵێم لە هەندێ شوێنیش خەڵكی پارتییش لەنێو خۆپێشاندانی مەدەنین، ئێمە وەك پارتی هەڵوێستمان ئاشكرایە لەگەڵ خەڵكین و لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنیداین".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەشڵێ: "دەبێ خەڵك بزانێت تەنیا پارتی بەرپرس نییە لەو بارودۆخەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، ئەوە حكوومەتی هەرێمە و چوار لایەنی دیكەیش لەگەڵ پارتی بەشدارن لەو حكوومەتە، بارەگایەكی پارتی لە شارێكدا هەیە بارەگای حزبی تریش هەیە، با خەڵك شاند دروست بكات و سەردانی بارەگای لایەنە سیاسییەكان بكەن، ئەوكات دەبینن هەڵوێستی پارتی و كادیرانی پارتی جدیترە لەهەر لایەنێكی دیكە بۆ پشتگیریی خەڵك و باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان، پارتی زیاتر لە حزبەكانی دیكە قوربانی داوە و خەباتی كردووە، ئێمە لە حزبەكانی دیكەیش زیاتر هەست بەوە دەكەین ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان باشتر بكرێت، ئەوە پڕۆژەی (سەرۆك بارزانی) و پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەربەخۆیی، (سەرۆك بارزانی)خۆی دەڵێ، دەبێ ژیانی خەڵكیش باش بكەم بۆ ئەوەی سەربەخۆیی رابگەیەنین".

 

(حوسێن) گوتیشی: "ئەمڕۆ لە كاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەكان ئێمە وەك كادیرانی پارتی لەنێو بارەگاكانی خۆماندا لە ئامادەباشیداین و هەر كەس و لایەنێكیش بێت كێشە بۆ ئێمە دروست بكات، ئەوە بێگومان وەڵامان دەبێت بۆ ئەو خەڵكە، دەبێ خەڵكیش بزانێت ئێمە كێشە نین بۆ خەڵك، زۆربەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتیدایە و رێژەی كۆرسییەكانمان دیارە و خەڵكی زیاتر لەگەڵ پارتیدایە، ئایا خەڵكی لەگەڵ پارتییە مووچە وەردەگرێت و خەڵكی ناپارتی مووچەی نییە؟، پارتییەكانی ئێمەیش مووچەیان پێ نەدراوە وەك خەڵكی دیكە، ئەو هاووڵاتیانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا ژیانیان باش نییە زۆربەی پارتین".

لەبارەی مەترسی بۆ سەر بارەگاكانی پارتی، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ: "جارێ تا ئێستا هیچ كێشەیەك بۆ پارتی و بارەگاكانی پارتی لە سنووری سلێمانی و گەرمیان دروست نەبووە و بەئومێدین هیچ كێشەیەكیش دروست نەبێت، داوایشمان لە خەڵك كردووە خۆپێشاندانی هێمنانە بكەن و هەر كێشەیەكیش بۆ بارەگاكانی ئێمە دروست بكرێت، ئێمەیش ئەو كات بێدەنگ نابین و وەڵاممان دەبێت و دەستەوەستان دانانیشین".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار