بەرپرسێکی لقی 12: لێکۆڵینەوە لە تەقەكەری بەردەم لقی 12ـی پارتی، بەردەوامە

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسێکی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، ئەو كەسەی شەوی ڕابردوو تەقەی لە لقی 12 كرد، پێیان گوتراوە کە سەر بە كۆمەڵی ئیسلامییە و لەلایەن ئاساییشەوە دەسگیر كراوە.
كارگێڕ و بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فارووق عەبدولكەریم)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی زانیاریی دا: "شەوی ڕابردوو كەسێك كە خەڵكی هەڵەبجەیە. وەک لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە زانیاریمان پێ دراوە، ئەو دەستگیرکراوە پێشتر سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامی بوو و ئێستایش سەر بە كۆمەڵی ئیسلامییە."
(فارووق عەبدولكەریم) وا باس لە ڕووداوی تەقەکردنەکە دەکات و دەڵێ، "بە ئاڕاستەی رۆژئاوای لق چەند فیشەكێكی تەقاندووە، بەڵام هیچ زیانێكی نەبوو و دواتریش ئاساییش دەسگیریان كرد و ئێستا لای ئەوان زیندانییە. هەڵبەت ئێمە هێشتا لێمان نەپرسیوەتەوە، دیارە کە لایەنی ئەمنیی شارەکە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەن تا بزانرێت هۆكاری ئەو تەقەكردنەی چییە و هاندەرێک لە پشت ئەم ڕووداوی تەقەکردنەوە هەیە".
(عەبدولكەریم) ئاماژەیشی دا: "ئەمڕۆیش خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی هەیە و بڕیارە پەیامی خۆیان بگەیێنن و دواتر بڵاوەی پێ بكەن، شوێنەكەیشیان لە بەردەم شارەوانی دەبێت و پێویستە خۆپێشاندانەكانیان هیچ ئاڕاستەیەكی تر وەرنەگرێت بەرەو هیچ بارەگایەكی تری حزبی و حكوومی نەڕوات".
ئەمڕۆ دووشەممە، لە سلێمانی و هەڵبجە و دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان، بەشێک لە مامۆستایان و خەڵکیكی ناڕازی لە سیستمی مووچە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
نەشوان بەرزنجی




