ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم: ئامادەین رێژەیەکی گونجاوی مووچەی کارمەندە پلەدارەکانمان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەریم تەرخان بکەین

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئامادەیی دەربڕی کە رێژەیەکی گونجاوی مووچەی کارمەندە پلەدارەکانیان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەریم تەرخان بکەن.
دەقی راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
جەماوەری خۆشەویست و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان
وەک پاڵپشتی بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەیەی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێم لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ، کە ئامادەن رێژەیەک لە مووچەکانیان بۆ پاڵپشتی پرۆسەی خوێندن و دابین کردنی مووچەی مامۆستایان تەرخان بکەن، ئێمەش وەک گشت پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەین رێژەیەکی گونجاوی مووچەی کارمەندە پلەدارەکانمان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەریم تەرخان بکەین تاکو منداڵانی هەرێم بە گشتی و منداڵانی پێشمەرگە و شەهیدان بە تایبەت لە خوێندن و پەروەردە بێبەش نەبن.
ئەفسەران و کارمەندانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش، چ راستەوخۆ لە بەرەکانی جەنگ و چ لە ناوەوەی هەرێمدا، گیانیان بەخت کردووە بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە و ڕاگرتنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم، بۆیە ئێستاش ئامادەین بە رێژەیەک لە مووچەکانمان بەشدار بین لە چارەسەریی بەشێک لە کێشەکانی هەرێم. وێڕای ئەمە هیوادارین هەرچی زووتر حکوومەتی هەرێم بە گرتنەبەری رێکاری مکوڕتر و چاکسازی و گۆڕانکاری پێویست لە حکوومەتدا، هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی ئەم قەیرانە داراییە،
بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو لایەک و ھەستکردن بە بەرپرسێارێتی نیشتمانی.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی
کوردستان
٢٦/٩/٢٠١٦




