یەکێتیی مامۆستایان: رێگا نادەین خوێندن بوەستێت..رێز و سوپاسمان بۆ پێشمەرگە ههیه

ههولێر-KDP.info- یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وەڵامی پەیامەکەی پێشمەرگە دەدەنەوە و دڵنیایان دەکەنەوە کە بەھیچ شێوەیەک رێگا نادەن پرۆسەی خوێندن بوەستێت و منداڵی ئەوان ھەژاران بێ بەش بن لەخوێندن.
(ئەحمەد گەرمیانی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گووتی: "بەناوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و سەرجەم لقەکان و مامۆستایانی کوردستانەوە رێز و سوپاسمان بۆ برا پێشمەرگەکانمان و فەرماندەکانی ٧٠و٨٠ و وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە بۆ ئەوھەڵوێستەجوامێرانەی نواندیان و ئاراستەی مامۆستایانیان کرد لەبارەی دەست پێکردنی پرۆسەی خوێندن لەھەرێمی کوردستان، ئێمەش دڵنیایان دەکەینەوە بەھیچ شێوەیەک رێگە نادەین منداڵی ئەوان و ھەژاری ئەم وڵاتە بێ قوتابخانە بن و پرۆسەی خوێندن لەھەرێمی کوردستان بوەستێت.
(گەرمیانی) گوتیشی: "ھەموو ھەوڵی خۆمان دەدەین لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەقوتابخانەکان دەوامی فەرمیی لەکاتی خۆی دەستپێبکات و بەشێوەیەکی جوان و رێک و پێک نەوەكانمان لەخوێندن و زانست بێ بەش نەبن.
جێگری سهرۆكی یەکێتیی مامۆستایان دهشڵێت، ئەمه دەستپێشخەریەکی باشە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە بۆ مامۆستایان و جێگەی رێزە و ئێمەش وەکو یەکێتیی مامۆستایان لەھەوڵی بەردەوام داین لەگەڵ حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان.
بڵند ئیبراھیم




