٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمه‌رگه‌: با دڵنیایی بده‌ین پرۆسه‌ی خوێندن نه‌وه‌ستێ.. ئامادەین مووچەی پلەباڵاكانی پێشمەرگە كەم بكرێتەوە و ببەخشرێت بە مامۆستایان

سەرچاوە: KDP.info
هه‌ولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، فەرماندەییی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ی (70) و فەرماندەییی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ی (80)، له‌ په‌یامێكدا كه‌ به‌ په‌یامی هاوسه‌نگه‌ری ناوی ده‌به‌ن، داوا له‌ مامۆستایانی كوردستان ده‌كه‌ن، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌خۆبردووانه‌ له‌ ئاست ه‌برپرساره‌تی دۆخه‌كه‌دا بن و، ئه‌وانیش سه‌روه‌ریی دیكه‌ تۆمار بكه‌ن. ڕاشیده‌گه‌یێنن كه‌، ئامادەیییان هەیە مووچەی پلەباڵاكانی پێشمەرگە كەم بكرێتەوە و ببەخشرێت بە مامۆستایانی ئازیز.
 
 
ده‌قی پەیامی هاوسەنگەری، لە پێشمەرگەوە بۆ مامۆستایانی كوردستان مامۆستایانی بەڕێز:
سەرەتا بەبۆنەی ساڵی تازەی خوێندن و لەبەر رۆشناییی هەڵوێستی خۆڕاگرانەتان پیرۆزبایی لە ئێوەی چرای زانست و پەروەردە و لە سەرجەم قوتابی و خوێندكارانی هیوای دوارۆژی كوردستان دەكەین. مامۆستایانی ئازیز و كۆڵنەدەر، هەمووان دەزانین ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان رووبەرووی شەڕێكی نەخوازراو بووه‌تەوە، ئەمە سەرباری بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمەكەمان، كە جەماوەری كوردستانی تووشی ئاستەنگی گەورەی دارایی كردووە. دیارە ناكۆكییە سیاسییە ناوخۆییەكانیش قورساییەكی زیاتری خستووه‌تە سەر كایەی بەڕێوەبردن و ئابووریی هەرێم. 
سەرەڕای هەموو ئەوانە پێشمەرگەی كوردستان جیاواز لە هەر بۆچوونێكی سیاسی و بەبێ‌ تێكەڵبوون بە ململانێ‌ سیاسییەكان زۆر جوامێرانە لە سەنگەری بەرگری و تێكشكاندنی تیرۆریستان قەڵغان ئاسا راوەستاوە و توانیویەتی شێرانە داكۆكی لە ئازادیی سەروەری خاك و گەلەكەمان بكات و، دلێرانە تیرۆریستان تێك بشكێنێت و دەسەڵات و قەڵەمڕەوییەكانی هێزی تیرۆر و تاریكپەرستان سنووردار بكات. ئەم خۆڕاگری و قارەمانێتییەی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ڕاستیانەن كە تەواوی جیهانیان شاهیدی بۆ دەدەن و شانازی پێوە دەكەن. ئێستا لە تەواوی دونیادا دیموكراتخوازی و مرۆڤدۆستیی پێشمەرگە و گەلەكەمان لە لوتكەدایە و جیهان هەموو چاویان لەسەر پێشكەوتنەكان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە توانیویەتی سەرەتایەكی گەشتر لە مێژوی هاوچەرخی هەرێمەكەماندا بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكات.
 بەڕێزان، ئەم دۆخی شەڕ و قەیرانی سەختی ئابوورییە نەخوزراوە كاریگەریی قورسی خستووه‌تە سەر رەوتی گوزەران و سستبوونی ئەو پەرەسەندن و پێشكەوتنە ئەرێنییەی كە پێش ئەم دۆخە ناهەموارە لە سایەی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێچكەی گرتبوو. بە داخەوە رەنگدانەوەی ئەم دۆخە نائاساییەی شەڕ و باری ئابووریی بە ژیانی رۆژانەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمانەوە دیارە، بە تایبەتی پێشمەرگە و مامۆستایان كە دوو توێژی گرینگ و هەستیاری نەتەوەكەمانن و زیاتر لە هەمووان كەوتوونەتە ژێر باری گرانی گوزەرانەوە، ئەو دوو توێژەی كە بەهای بەرزی ئەرك و پیشەكەیان هاوسەنگەری كردوون، پێشمەرگە بە چەك و بە خوێنی خۆی بەرگری لەم نیشتیمانە و لە ئازادی و ئارامیی نیشتیمانەكەمان دەكا و، مامۆستایانیش بە قەڵەم و بە چەكی زانست و پەروەردە، نەوەكان پێدەگەیەنن و داهاتووی رۆشنی كۆمەڵگا و نەتەوەكەمان زامن دەكەن. بۆیەشە لەم بارودۆخەدا بە پێویستی دەزانین ئەم هاوسەنگەرییەی مامۆستایان و پێشمەرگە لەم سەرەتای ساڵی خوێندنەدا، بخەینەوە بەرهزر و دیدی جەماوەری كوردستان و هەموو لایەك دڵنیا بكەین كە پێشمەرگە و مامۆستایان پێكەوە بەردەوام دەبن لە تۆماركردنی سەروەرییەكان تا كۆتاییهێنان بە ئەم هەلومەرجە نالەبارە و گەیشتنەوەمان بە رەوشێكی باشتریش لە پێش ئەم شەڕ و قەیرانەدا.
 هەمووان ئاشنای مێژوی خەبات و قوربانیدانەكانی شاخ و شاری پێشمەرگەن و دەزانن چیرۆكەكانی تێكۆشان و كۆڵنەدانی پێشمەرگە لەپێناو گەل و نیشتیمانەكەیاندا چ بلیمەتی و سەروەرییەكی مەزنی بۆ خۆیان و نەتەوەكەیان تۆمار كردووە، بە هەمان شێوەش رۆڵی مامۆستایانی كوردستان لە هەروو قۆناغی شار و شاخدا زۆر بە درەوشاوەیی دیارە و نزیكترین نمونەشمان دوای راپەڕینە كە مامۆستایان چەند ساڵێك بێ‌ موچەو هیچ ئیمتیازاتێك نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن رابوەستێ‌ و بەم هەڵوێستە جوامێرانەیەشیان داستانێكی گەورەو لەیادنەچوویان بۆ دیرۆك و ناسنامەی مامۆستا و بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد. ئەمڕۆیش هەمووان لە گوزەران و ماف و خواستە رەواكانی پێشمەرگە و مامۆستایان تێدەگەین، مووچەیەكی كەم، كە هەرگیز لە ئاستی ئەو ئەرك و فیداكاری و گیانبەخشینەی پێشمەرگەدا نییە، بەڵام بەوپەڕی لە خۆبوردوویی و بە ورەی بەرزەوە لە سەنگەرە پۆڵاینەكانیاندا چیا ئاسا راوەستاون و بەرامبەر دڕندەترین دوژمن كە تیرۆریستانی داعشە دەجەنگن و، رۆژانە بە خوێن و زامی خۆیان پەیامی نەبەزین و سەركەوتنی مسۆگەر بۆ رۆڵەكانی میللەتەكەمان دووپات دەكەنەوە.
 مامۆستایانی ئازیز، گیانفیداییەكانی پێشمەرگە لەو ئاستەدایە ئامادەییمان هەیە مووچەی پلەباڵاكانی پێشمەرگە كەم بكرێتەوە و ببەخشرێت بە مامۆستایانی ئازیز و بەڕێز، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن رانەوەستێت و ئایندەی منداڵە چاو گەشەكانمان نەكەوێتە بەر هەڕەشە، چونكە ئایندەی منداڵەكانمان ئایندەی هەرێمەكەمانە و ئێمەش لەپێناو ئایندەی هەرێمەكەماندا گیان دەبەخشین. داوا دەكەین و دڵنیاین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەرێك بۆ ئەم ئاستەنگە بدۆزێتەوە و، هەڵوێستی ئێمەش وەك بەشێك لەو چارەسەرە پەسەند بكات بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن رانەوەستێت و دڵنیاین، مامۆستایانیش زیاتر رەچاوی دۆخەكە دەكەن و پابەندن بەم هاوسەنگەری و هاوگوزەرانییەیان لەگەڵ پێشمەرگەدا، تا پێكەوە لە هەردوو سەنگەری بەرگری و سەنگەری زانستدا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین و بەیداغی سەركەوتن و قۆناغێكی نوێی پڕ لە گوزەرانی خۆش و روو لە ئاسۆی سەرفرازیی یەكجاری، دێنینە كایەوە. 
 
وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان
  فەرماندەیی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ی (70)
 فەرماندەیی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ی (80)
25/9/2016

هەواڵی پەیوەندیدار